کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوەکانی باکووری ئێران گیانلەبەریان تێدا نەماوە

11:42 - 24 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: لەنێوبردن و ڕژاندنی نادروست و نازانستیی زبڵ لە کەناری ڕووبارەکاندا، بووەتە هۆی نەمانی گیانلەبەر لە ئاوەکانی باکووری ئێراندا و ئەمەش خەسارێکی زۆری بە ماسیگرانی ئەم ناوچەیە گەیاندووە.

"عیسا کەڵانتەری"، بەرپرسی ڕێکخراوی ژینگەی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندووە کە بەهۆی ڕژاندنی پاشماوەی زبڵەکان و زێراو بۆ نێو ئاوی ڕووبارەکان لە باکووری ئێراندا هیچ ڕووبارێک نییە کە گیانلەبەری تێدا مابێت.

"فەریبۆرز جەماڵزاد فەلاح"، بەرپرسی توێژینگەی پاراستنی ژینگەی جەهادی کشاوەرزیی ڕێژیم لەمبارەوە باسی لەوە کردووە کە لە سەرچاوە ئاوییەکاندا ژیانی گیانلەبەرە ئاوییەکان بەدی دەکرێت بەڵام لە زۆربەی بەشەکانی ڕووبارەکاندا ئەم ژیانە نەماوە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە: "ئەگەر ڕووبارێکی باکووری ئێران لە بەرچاو بگرین، دەتوانین بڵێین نزیک بە ٨٠ لەسەدی درێژاییەکەی هیچ گیانلەبەرێکی تێدا نییە".

شێوازە نادروست و نازانستییەکانی لەنێوبردنی زبڵی شاری و پیشەیی، بەتایبەت لە کەناری ئاوی ڕووبار و کانیاوەکاندا، لە سەرەکیترین هۆکاری لەنێوچوونی گیانلەبەران لەم ئاوانەدا بە ئەژمار دێت کە جیا لە لەنێوبردنی ئەو جۆرە گیانلەبەرانە، خەسارێکی زۆریش بە کەرتی پیشە ئاوییەکان وەکوو ماسیگری دەگەیەنێت و ماسیگران زیاترین خەساریان لە بواری ئابوورییەوە بەر دەکەوێت.