کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی ناوکی: کەڵک وەرگرتنی ئێران لە سانتریفیوژی نوێ، پێشیێلکردنی بەرجامە

12:31 - 5 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران بە پێشێلکردنی نوێی ڕێککەوتنی ناوکی، پیتاندنی ئورانیۆمی لە ڕێگای بەکارهێنانی سانتریفیوژی پێشکەوتوو دەست پێکردووە.

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی ڕەزبەر، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران بۆ جارێکی تر، ڕێککەوتنامەی ناوکی کە لەگەڵ هێزە جیهانییەکان لە بواری پیتاندنی ئۆرانیۆمدا بەستبووی، بە بەکارهێنانی سانتریفیوژی پێشکەوتوو پێشێل کردووە.

ئەو ئاژانسە ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە سانتریفیوژی زیاتر بەکار بهێنێت.

هەروەها ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لەو ڕاپۆرتەیدا بە وڵاتانی ئەندام لەو ئاژانسە ڕاگەیاندووە کە سەرجەم سانتریفیوژەکان لە هێڵی دو و سێ، لە حاڵی پاشەکەوتی ئورانیۆمی پیتێندراون.

یەکیەتیی ئورووپا، دوو حەوتوو لەمەوپێش بە دەرکردنی بەیانییەکی هاوبەش سەرەڕای ئەوەی کە نیگەرانیی خۆی لەهەمبەر هەنگاوی سێیەمی ڕێژیمی ئێران بۆ کەمکردنەوەی بەڵێنییەکانی بە بەرجام دەربڕیوە، ئەم هەوڵانەی ڕێژیمی ئێرانیان دژی ڕێککەوتنی بەرجام زانیوە.

بەپێی ڕێککەوتننامەی بەرجام، ڕێژیمی ئێران نابێت لە ڕێژەی ٣٠٠ کیلۆگرەم زیاتر، ئاستی پیتاندنی ئورانیۆم بەرزتر بکاتەوە، بەڵام لە ماوەکانی ڕابردوودا، بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای هەڕەشەی وڵاتانی ڕۆژاوایی، ئاستی پیتاندی ئورانیۆمی لە ڕێژەی دیاریکراو، پەرە پێداوە.