کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکامی تاڵی دانیشتنی ئوپێک بۆ ڕێژیمی ئێران

12:08 - 2 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ئوپێک بۆ قەرەبووی کەمیی نەوت لە ئاکامی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، بەرهەمهێنانی هەتا یەک میلیۆن بەرمیل زیاتر کرد.

لە دانیشتنی ئوپێک، وڵاتانی ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە، ڕێک کەوتوون کە بەرهەمهێنانی نەوت هەتا ١ میلیۆن بەرمیل زیاد بکەنەوە، هەتاکوو لە میانەی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، بازاڕی نەوت تووشی قەیران نەبێت و بەکارهێنەران و پاڵاوگەکان لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو نەبنەوە.

ڕێژیمی ئێران لەو دانیشتنەدا هەموو هەوڵی خۆی دابوو، کە بەرهەمهێنانی نەوت زیاد نەکرێت، بەڵام لەگەڵ دژکردەوەی توندی عەرەبستان بەرەوڕوو بووەوە و ئەو وڵاتە لەسەر داوای ئامریکا و ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیە، لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ئوپێک بە دژی ڕێژیمی ئێران ڕێک دەکەوێت، هەتا بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر بکات.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران پێش لەو دانیشتنە باسیان لەوە کردبوو، کە گوشارەکانی ئامریکا لە ڕێگەی عەرەبستان و وڵاتانی دیکەی ئەندامی ئوپێک بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بووە و هەموو هەوڵیان داوە کە بەرهەمهێنان لە جێی خۆی بمینێت، بەڵام ڕێژیمی ئێران لە ململانێی ئەو دانیشتنەدا دۆڕا.

دوای دووبارەبوونەوەی گەمارۆوەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە لایەن ئامریکاوە، ئەو وڵاتە ئابووریی ئێرانی کردووەتە ئامانج بۆ گوشارهێنان بۆ سەر ئەو ڕێژیمە و بەتایبەتی گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بەرهەمهێنان و بازاڕی نەوت لە ئێراندا.

جێگەی ئاماژەیە کە ئابووریی ئێران بەستراوەتەوە بە بەرهەمهێنان و فرۆشی نەوت، کە دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، زۆرینەی ئەو کومپانیانەی کە هاوکاریی نەوتییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەبوو، ڕێککەوتننامەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە و لە ئێران دەکشێنەوە و بەو بۆنەوە بازاڕی نەوتی ئێران تووشی قەیران بووە.

هەنووکە بە زیادکردنی بەرهەمهێنان لە لایەن وڵاتانی ئەندامی ئوپێک، گوشارەکان لەسەر ڕێژیمی ئێران زیاتر دەبێت و کارناسانی ئابووریی لەو باوەڕەدان کە ئامریکا ئاسانتر دەتوانێت بە دژی ڕێژیمی ئێران ڕاوەستێ و گوشار بخاتە سەر ئەو ڕێژیمەوە.