کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگادارییەک لە کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە

18:45 - 26 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاگادارییەکی ڕوو لە هاونیشتمانیانی کوردستان و خەمخۆرانی خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردستان بڵاو کردەوە.

دەقی ئاگادارییەکە:

هاونیشتمانیانی ئازیز،
دڵسۆزانی خەباتی ڕەوای نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردستان،


حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبەردایە کە لە چەند مانگی داهاتوودا، لە ڕەوتی پرەنسیپە دێموکراتیکە جێگرتووەکانی نێو شێوازی خەبات و تێکۆشانی‌دا، کۆنگرەی شازدەهەمی خۆی بەڕێوە ببا.

هەر وەک هەموو لایەک دەزانن، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بارودۆخێکی زۆر هەستیار و بارگاوی بە زۆر ڕووداو و ئاڵوگۆڕە و کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش لە ئێستای ئاڵوگۆڕەکاندا پێویستە کە جێگە و پێگەی شیاوی خۆی دیاری و دەستنیشان بکات و هەر وەک ڕای گشتییش ئاگادارن، کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەم چەند ساڵەی دواییدا بڕیاری دیکەی بۆ درێژەدانی جیاواز بە خەبات و تێکۆشانی خۆی داوە و بڕیاری داوە کە ئامادەبوونی پێشمەرگە لە نێو کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا درێژە بدا و بەردەوام بێ لە سەر ئەو شێوەیە بۆ گرێدانی خەباتی شار و شاخ.

لە وەها دۆخ و بەستێنێکی سیاسی‌دا، بەپێی ڕەوتی دێموکراتیک و بە لەبەرچاوگرتنی پێویستییەکانی خەبات و تێکۆشان، حیزبی دێموکرات کۆنگرەی شازدەهەمی خۆی دەبەستێ و کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکرات داوا لە هەموو دڵسۆزانی خەباتی ڕەوای کورد، و لە هەموو دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات و هەموو کادر و پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکات کە؛ لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەت و بەرنامەکانی حیزبی دێموکرات و کارە پێوەندیدارەکان بە کۆنگرەی ئەم حیزبە، ڕا و بۆچوون و سەرنج و ڕەخنە وپێشنیارەکانی خۆیان بۆ کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرە بنێرن.

لەو پێوەندیەدا پێویستە ئاماژە بە چەند پێویستی بدەین:

یەکەم: هەموو بابەت و ڕا و پێشنیارەکانتان بە کۆمیتەی ئامادەکار دەدرێ و کەڵکی پێویستی لێ وەردەگیرێ، و هەروەها گەر شتێکی نەشیاو، یان سووکایەتی بە کەس و لایەنێک، و یان زانیارییەکی ئەمنیەتیی تێدا نەبێ، وەکوو خۆیان بە بێ دەسکاری لە ماڵپەڕی کوردستان‌میدیادا بڵاو دەکرێنەوە.

دووهەم: داوامان ئەوەیە کە بابەتەکان کورت و ئەوپەڕەکەی لە ٨ لاپەڕەی A4 تێنەپەڕێ، تاکوو هەم لە توانا و حەوسەڵەی خوێنەرانی ماڵپەڕ دەرنەچێ، و هەم لە مانگەکانی داهاتوودا نوێنەرانی کۆنگرەی حیزبیش بتوانن کەڵکی لێ وەربگرن.

سێهەم: هەوڵ بدرێ کە نووسینەکان، وێڕای ئاماژەی بەڵگەمەند و لۆژیکی و مەنتقی بۆ سەرچاوەی بابەتەکان، پێشنیاری ڕوون و کۆنکرێتی بۆ چارەسەر و گرتنەبەری ڕێگا تێدابێ.

چوارەم: ماوەی ناردنی بابەتەکانتان هەتا کۆتایی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، دەبێت.

وێڕای داواکردنەوە لە هەموو ئێوەی ئازیز بۆ ئەوەی بە سەرنج و ڕا و بۆچوون و ڕەخنە و پێشنیارەکانتان، هەم یارمەتیدەری ئێمە بن بۆ بردنە پێشی باشتری کارەکان، و هەم بە بیر و هزری هەموومانەوە بتوانین کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکرات بکەین بە کۆنگرەیەکی مێژوویی بۆ تێپەڕاندنی قۆناخە دژوارەکان و نزیک کردنەوەی هیوای سەرکەوتنی گەلەکەمان.

بۆ ناردنی بابەتەکانتان دەتوانن بۆ ماڵپەڕی کوردستان‌میدیای بنێرن، یان بەم ئادرەس ئیمەیلە بۆ کۆمیەتی ئامادەکاری کۆنگرەی شانزدەیەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بنێرن:

[email protected]

سەرکەوتن بۆ خەباتی رەوای نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردستان

کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٥
١٦ی سێپتامبری ٢٠١٦