کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگری دارستانەکانی کوردستان گڕیان نییە

13:07 - 2 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ڕۆژانە بەردەوام شایەتی سووتانی دارستان، لەوڕگە و مەزراکانی کوردستانین, بەڵام ڕێژیم سووتانی ئەو شوێنانە پشتگوێ دەخات.

لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، ڕێژیمی ئێران، بەتایبەتی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران، هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی کوردستانن.

سپای تێرۆریستی پاسداران بە بیانووی بوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەڕێوەبردنی مانۆڕی نیزامی و بە بیانووی بەڕێوەبردنی پرۆژەگەلی جۆراجۆر، ژینگەی کوردستان ئاگر تێبەردەدات.

ئاگری دارستانەکانی کوردستان لە هیچ ئاستێکدا لە لایەن میدیا  و بەرپرسانی ڕێژیمەوە باسی لێوە ناکرێت و تەنانەت سەرپۆشی دەکەن.

سەرەڕای ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران باس لە سووتان و لەنێوچوونی دارستانەکانی کوردستان ناکات، بەڵکوو هیچ هەوڵێکیش بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە نادات.

بەپێچەواونە لە شوێنەکانی دیکەی ئێراندا ئاگرکەوتنەوەکان بە زووترین کات هەوڵیان بۆ دەدرێت کە کۆنترۆڵ بکرێن.

دارستانەکانی "ئەرەسبارانـ"ـی تەورێز، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی گەلاوێژ، لە ئاستێکی بەریندا تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون.

لە دوای ئەو ئاگرکەوتنەوەیە میدیا و دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران ئەو ڕووداوەیان ڕووماڵ دەکرد و باسیان لە کارەساتی ئەو ڕووداوە دەکرد.

لە لایەکی دیکەوە بنکە و ناوەندەکانی ڕێژیمی ئێران بە هێلێکۆپتێر و کەرەستەی تایبەت، ئاگری دارستانی ئەرەسبارانیان کوژاندووەتەوە.

ئەو جیاوازییە دەرخەی ئەوەیە کە ڕێژیم بە شێوەی سیستماتیک لە هەوڵی لەنێوبردنی سروشت و ژینگەی کوردستاندایە.