کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان دژی ڕێژیمی ئێران بڕیاری دا

15:17 - 1 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: "ئانگلا مێرکێل" سەرۆکی باڵای ئاڵمان، داوای کردووە کە بەرپەرچی بەرنامە دوژمنکارییەکانی ڕێژیمی ئێران بدرێتەوە.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە "ئانگلا مێرکێل" ڕاوێژکاری باڵای ئاڵمان باسی لەوە کردووە، کە وڵاتانی ئورووپایی به نیسبەت بەرنامە مووشەکییە بالستیکەکانی ڕێژیمی ئێران نیگەرانن و بۆ بەرپەرچدانەوەی بەرنامە دوژمنکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، داوای دۆزینەوەی چارەسەرییەکی کرد.

مێرکێل دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ "عەبدوڵڵای دووەم" پاشای ئوردۆن لە ئەمان، وتی: "ناکرێت تەنیا گفتوگۆ لەسەر بەرنامە دوژمنکارییەکانی ئێران بکەین، بەڵکوو پێویستمان بە چارەسەرییەکی خێرایە".

ئەو لێدوانەی مێرکێل لە کاتێکدایە، کە وڵاتی ئاڵمان هەتا ئێستاش لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ڕێژیمی ئێراندا ماوەتەوە.

سەرۆکی باڵای ئاڵمان لە قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، وڵاتانی ئورووپایی بە نیسبەت چالاکییە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران و دەستێوەردانەکانی لە شەڕی نێوخۆی سووریە و یەمەن نیگەرانە.

لەو پێوەندییەدا، "ژان‌ئیو لۆدریان"، وەزیری دەرەوەی فەڕانسە، مانگی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، له پرێسکونفڕانسێکدا لەگەڵ هاوتای ئاڵمانیی خۆی له شاری پاریس، ڕایگەیاند: "ڕێژیمی ئێران دەبێ له بەرنامە مووشەکی و سیاسەتە هێژمونییەکانی له ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەست بکێشێت".

بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران و تاقیکردن و بەکارهێنانیان، بووەتە هۆی نیگەرانیی کۆمەڵگای جیهانی و زۆر وڵات به بەردەوامی هۆشداری دەدەن به رێژیمی ئیسلامی، که بەرنامە مووشەکییەکانی خۆی ڕابگرێت.

 بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە بەردەوامی ڕایانگەیاندووە، کە لەسەر بەرنامە مووشەکییەکان، لەگەڵ هیچ وڵاتێک دانانیشن و بەرنامە مووشەکییەکان هێڵی سووری ڕێژیمی ئێرانن و بۆ پاراستنی سنوورەکانیان کەڵکیان لێ وەردەگرن، لە حاڵێکدا کە بە دژی ڕێککەوتننامەی شۆرای ئەمنییەت و ئەو مووشەکانەی کە هەزاران کیلۆمیتر دەبڕن، کارایییان زیاتر لە پاراستنی سنوور دەبێت.