کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵوگۆڕ لە هەڵسوکەوتی بەرپرسانی ڕێژیم، بە قازانجی خەڵکی ئێرانە

13:14 - 5 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە وتووێژێکدا باسی لەوە کردووە، کە پێداچوونەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەسەر هەڵسوکەوتەکانیان، لە ڕاستای بەرژەوەندیی خەڵکی ئێرانە.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، کاتی وتووێژ لەگەڵ دەنگی ئامریکا ڕایگەیاند، کە مەبەستی سەرەکیی هەڵوێست و ستراتیژیی نوێی ئێمە بە نیسبەت ڕێژیمی ئێرانەوە، گۆڕینی ڕێژیم نییە، بەڵکوو تەنیا مەبەست پێداچوونەوەی بەرپرسانی ڕێژیم بەسەر هەڵسوکەوتەکانیانە.

پاش ئاخاوتنەکانی خامنەیی بە نیسبەت نیازی ئامریکا بۆ ڕووخانی ڕێژیمی ئێران، مایک پۆمپێئۆ ڕۆژی هەینی ٣ی جۆزەردان، لە کاتی وتووێژ لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی دەنگی ئامریکادا، پشتڕاستی کردووەتەوە، کە ئەوان بەنیازی ڕووخانی ڕێژیمی ئێران نین و تەنیا مەبەستیان پێداچوونەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەسەر مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکی ئێران و هەروەها هەڵسوکەوتەکانیان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدایە.

ناوبراو لەو ئاخاوتنەدا باسی لەوە کردووە، کە بەرپرسانی ڕێژیم پارەی خەڵکی ئێران دەبەن لە عێراق، سووریە، یەمەن و لوبناندا لە پێناو یارمەتیدان بە میلیشیا و لایەنەکانی سەر بە خۆیان خەرجی دەکەن، لە حاڵێکدا خەڵکی ئێران بەدەست بێکاری، گرانی، هەژاری و دەیان قەیرانی دیکەوە دەناڵێنن.

پۆمپێئۆ رایگەیاندووە: "ئاڵوگۆڕی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بەسەر هەڵسوکەوت و کردەوەکانیان بێگومان بە قازانجی خەڵکی ئێرانە".

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، سیاسەتی نوێی ئامریکای بە نیسبەت ئێران ڕاگەیاند و ١٢ داواکاریی خستە بەردەم ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران و وتی: "ئەگەر بەرپرسانی ڕێژیم لە هەڵسوکەوتەکانی خۆیان ئاڵوگۆڕ پێک نەهێنن، بەهێزترین و توندترین گەمارۆوەکان دەخەینە سەریان".

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە یەکەم کاردانەوەی لە هەمبەر سیاسەتی نوێی ئامریکا، باسی لەوە کردبوو، کە ئامریکا بەتەمایە بە هێرشی سەربازیی ڕێژیمی تاران بڕووخێنێت.