کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باخ و باخاتی "ڕوار" هەڕەشەی وشکبوونی لەسەرە

12:53 - 15 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: باخ و باخاتی گوندی "ڕوار" لە دەوروبەری بەنداوی "داریان"، بەهۆی بێکیفایەتیی بەرپرسانی ڕێژیم، هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەسەرە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەربوونەوەی لیتە و قوڕاوی ئەو بەنداوە، بووەتە هۆی خەسار و زیان بە وێستگەی پۆمپاژ و دامەزراوە مێکانیزەکانی ئاوەدێریی باخاتی گوندی ڕوار، کە لە دەوروبەری ئەو بەنداوە و چۆمی سیروان دروست کراون.

کەمبوونەوە و دابەزینی ئاوی ئەو بەنداوە، بووەتە هۆی پڕبوونەوەی شوێنەکانی پاشەکەوتی ئاو لە قوڕ و لیتە و لەکارکەوتنی شناوەر و پۆمپی ئاوەکان و ئەمە بووەتە هۆی پێشگرتن بە پۆمپاژی ئاو و زیاتر لە ١٢٠ هێکتار باخ، کە سەرمایەیەکی میلیاردییان بۆ دانراوە، خەریکە وشک دەبن و لەنێو دەچێت.

سەرەڕای بەدواداچوونەکان بۆ ئەم قەیرانە، بەرپرسانی بێکیفایەتی شاری سەوڵاوا و پارێزگاکە، هیچ هەوڵێکی کردەییان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەم گوندە نەداوە و ئەم قەیرانە بەرەو خراپتربوون دەڕوات.

گوندی "ڕوار" سەر بە شارستانی سەوڵاوا، زیاتر لە ١٠ ساڵە کە لەسەر پێشنیار و بەڕێوبەرایەتیی "جەهادی کشاوەرزیـ"ـی شاری سەوڵاوا و پارێزگای سنەدا زیاتر لە ١٢٠ هێکتار باخی هەنار و هەنجیریان بە "ئاویاریی میکانیزەی دڵۆپی"، دروست کردووە کە بە ئاوگیریی بەنداوی "داریان"، ئەو دامەزراوانە کە سەرەتا لە لێواری چۆمی سیروان دروست کرابوون، لە لایەن بەڕێوەبەر و پەیمانکاری بەنداوی داریان بۆ سەرەوەتری هەرێمی بەنداوەکە گواستراوەتەوە و ئەم دۆخە بووەتە هۆی کێشەگەلێکی زۆر.