کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارانبارین لە خووزستان، خەڵکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرد

11:20 - 6 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ١٢٩٤ کەس بە هۆی بارینی باران لە پارێزگای خووزستان، لە پاییزی ئەمساڵدا، ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

بارینی بارانی لەڕادەبەر لە پارێزگای خووزستان، لە پاییزی ئەمساڵدا، بووەتە هۆی نەخۆشکەوتنی زۆربەی خەڵکی ئەو پارێزگایە.

تا ئێستا ١٨ کەس بە هۆی گرژبوونی هەناسە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، کە بەپێی پشکنینەکان، چوار هۆکاری سەرەکی بووەتە هۆی ڕوودانی ئەو حاڵەتە کە بریتین لە: مەشخەڵەکانی بیری نەوت، سووتاندنی مەزرای نەیشەکەر، سووتاندنی زبڵ و گەردیلە گیاییەکان.

هۆکاری سەرەکیی تووشبوونی خەڵک بە نەخۆشیی پێست و نەخۆشییەکانی هەناسە لە لایەن زانکۆی زانستی پزیشکیی ئەهوازەوە، گەردیلە گیای کۆنۆکارپۆس زانراوە، کە ئەم دارە زۆرتر لە ناوچە گەرمیانەکاندا و لە خاکی سوێردا دەڕوێن.

فەرهاد حەمزەلوویی، بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی زانکۆی زانستی پزیشکیی ئەهواز و لێکۆڵەری کۆنۆکارپۆس، لە وتووێژێکدا باسی لەوە کردووە: لەو دارانە بە شێوەی بەردەوام، تۆزێک بەرهەم دێت کە چوونەژوورەوەی ئەم تۆزە بۆ نێو سیپەلاک دەبێتە هۆی دروستبوونی ئالرژی و نەخۆشییەکانی گرژبوونی هەناسە و تەنانەت شیرپەنجەش بە دوای خۆیدا دێنێت.

حەمزەلوویی، تووشبوونی خەڵک بە نەخۆشییە هەناسەیییەکانی بە هاوکاتبوون لەگەڵ بارانە پاییزییەکانی ساڵی ٩٢ زانیوە و وتوویەتی: لە ساڵی ٩٢ هەتا ساڵی ٩٤، زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس بە هۆی نەخۆشییەکانی هەناسەوە، سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.