کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارمتەی سێ هاووڵاتیی کورد خرایە موزایدە

17:16 - 23 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: لقی یەکی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی کەیفەریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆ، حوکمی موزایدەی بارمتەی سێ هاووڵاتیی کوردی دەرکرد.

"ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا" بڵاوی کردووەتەوە، بارمتەی سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "حاسڵ عەزیزی، جەلال و کەماڵ مەسرووری"، بە  بڕی ٦٠٠ ملیۆن تمەن، خرایە موزایدەوە.

موزایدەی بارمتەی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەزبەر، لە نووسینگەی بەڕێوەبەریی تاوانە کەیفەرییەکانی دادسەرای شاری شنۆ بەڕێوە دەچێت.

ئەو موزایدە لە نرخی دیاریکراوە بۆ بەرزترین نرخ هەڕاج دەکرێت.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، دادگای ئینقلابی شاری ورمێ حوکمی ئێعدامی بۆ "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" و حوکمی ١٠٠ ساڵ زیندانیی بۆ  پێنج زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "حاسڵ عەزیزی، محەممەد زاهید فەرامەرزی، یەعقووب بائیکەرام، جەلال مەسرووری، کەماڵ مەسرووری و سدیق بائیکەرام" دەرکرد.

دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری ورمێ، ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی "قەرەسەقەل"، سەر بە شاری شنۆی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران" مەحکووم کردبوو.

مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦، دۆسیەی تاوانبارانی قەرەسەقەل پاش پێشێلکردنی لە دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێران جارێکی دیکە لە لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ تاوتوێ کرا.

پاشان تۆمەتلێدراوان دووبارە دادگایی کرانەوە و بەپێی حوکمی دادگا، "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور کوڕی "ئەبووبەکر" بە ئێعدام، "حاسڵ عەزیزی" بە ٢٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری، "جەلال مەسرووی" بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری، "کەماڵ مەسرووی" بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری، "محەممەد زاهیر فەرامەزری" بە ٢٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری و "سدیق بائیکەرام" بێتاوان ناسرا.