کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی ژیانی بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان لەوپەڕی نالەباریدایە

12:14 - 29 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: نەخۆشییە گشتگیرەکان، گەرما، خشۆکەکان، نەبوونی بێهداشت، کەمئاوی و نەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، گیانی لێقەوماوانی لەگەڵ مەترسی ڕووبەڕوو کردووە.

لێقەوماوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزەکە هەتا ئێستە، هەر ڕۆژەو لەگەڵ کارەساتێک بەرەوڕوو دەبنەوە، بە هاتنی وەرزی گەرما، نەبوونی شوێنی ژیان و ژیان لە نێو کانێکس و خێوەتەکان و نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان و کەلوپەلی فێنککەرەوە، گوشارێکی زۆر لەسەر خەڵکە و تەنانەت گیانی منداڵەکانیان لەگەڵ مەترسیی مەرگ بەرەوڕوو کردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، هاتنی وەرزی گەرما، ئێپیدمی نەخۆشییەکان لەو ناوچانە چەند قات کردووەتەوە و سەڵامەتی و گیانی لێقەوماوانی خستووەتە مەترسییەوە و دەیان کەس بە هۆی نەخۆشی گیانیان لە دەست داوە.

بەرپرسی گشتیی دەزگای هیلال ئەحمەری ڕێژیم، لە هەمبەر گشتگیربوونی نەخۆشییە عەفوونییەکان و بڵاوبوونی خشۆکەکان لە شوێنی ژیانی لێقەوماوان، نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و هۆشداری داوە.

پێشتریش هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم و چالاکانی مەدەنی، بە نیسبەت بێهداشت و سەڵامەت لەو ناوچانە هۆشداریان دابوو، بەڵام کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم لە ئاستێکدایە، کە تەنیا بەڵێنی درۆ بە خەڵک دەدەن و خۆیان هۆکاری سەرەکی کێشە و گرفتەکان لەو ناوچانەن.

تەنانەت ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای سیاسەتە دژە مرۆڤانەکانی بەتایبەت بە نیسبەت کوردەکان، بەئەنقەست لە بەرامبەر لێقەوماوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان کەمتەرخەمی دەکات و دەیەوێت ئەو ناوچانە لە کورد چۆڵ بکات و داهات و سامانی ڕۆژهەڵات بەتاڵان ببات.

لە نوێترین گرفتەکانی ئەو خەڵکە و گشتگیربوونی نەخۆشییەکان، پیاوێکی تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی، بە هۆی نەخۆشی تەبی کریمە گیانی لە دەست داوە و بنەماڵەکەشی قەرەنتینە بوونە.

نەخۆشی تەبی کریمە، گشتگیرە و دەبێتە هۆی خوێنڕێژی لە جەستەی نەخۆش و ڕێژەی مردن بە هۆی ئەو نەخۆشییە لەسەرە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم هەوڵ دەدەن کە ئەو نەخۆشییە بشارنەوە، لە لایەکی دیکەشەوە، هیچ کردەوەیەکیان بۆ چارەسەرکردن و پێشگرتن لەو نەخۆشییە نەبووە.

بەگشتی کێشە و گرفتەکانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، ساز نەکردن و نۆژەن نەکردنەوەی ماڵەکانی خەڵک بەردەوامن، بەڵام نزیک بە هەشت مانگە کە ئەو خەڵکە ئاوارە و دەربەدەرن و ڕێژیم تەنیا بەڵێنی درۆ بە خەڵک دەدەات، تەنانەت ئەو ڕێژە بوودجەیەی کە بۆ لێقەوەماوان دیاری کراوە، نەتەنیا دابەش نەکراوە، بەڵکوو دەستیشی بەسەردا گیراوە.