کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی کوردستانی ڕۆژئاوا لەگەڵ حیزبی دێموکرات تاوتوێ کرا

15:42 - 14 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری هەولێری کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، شاندێکی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە بە سەرپەرستیی مەحموود محەممەد ئەندامی سەركردایەتی و نوێنەری ئەو حیزبە لە هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی پیرۆزبایی بەستنی كۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکرات، سەردانی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێریان کرد و لە لایەن شاندی پەیوەندییەکانی حیزبەوە بە سەرپەرەستیی محەممەد ساڵح قادری پێشوازییان لێکرا.

لەم دانیشتنەدا باس لە دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچە و بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان لە دوای داگیركاری عەفرین و بارودۆخی نالەباری ژیانی کوردەکان و ئاوارەبوونی خەڵکانێکی زۆر کرا و ڕیشەی زۆربەی کێشەکانیان بۆ نەبوونی هاودەنگی حیزبەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گەڕاندەوە.

لە بەشێكی دیكەدا نوێنەری حیزب تیشكی خستە سەر دوایین ئاڵوگۆڕەكانی نێو حیزب و گرینگیدان بە ڕەهەندە جیاجیاكانی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.

لە كۆتایی ئەم دانیشتنەدا شاندی پارتی یەکیەتی دێموکراتی کورد لە سووریە ڕوانگەی خۆیان لەمەڕ گەشبین بوون بە بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم قۆناخە نوێیەی خەبات، کە بە ڕاسان ناسراوە دەربری و ئەم ئاڵوگۆڕانەی کە لە کۆنگرەی ۱۶ی حیزبی دێموکراتدا هاتۆتە ئاراوە بە گرینگیان زانی و پاڵپشتی خۆیان بۆ خەبات و سیاسەتە نەتەوەییەكانی حیزب ڕاگەیاند.