کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی کۆماری ئیسلامی ئێران دوای هەڵبژاردنی حەسەن ڕووحانی

18:19 - 26 خەرمانان 2717

هێرۆ جەڵدیانی

حەسەن ڕووحانی هەروەک لە بەناو هەڵبژاردنەکانی پێشووی دا بۆ سەرکۆماری، بە زەردەخەنەیەکی فریودەرانەوە بەڵێنێکی زۆری بە خەڵکی سەرانسەری ئێران بە گشتی و نەتەوەکانی ئێران بەتایبەتی دا، لە بواری ئاسوودەیی ژنان لە کۆمەڵگاش چەندین وتاری پێشکەش کرد. لە دوای هەڵبژاردن، هەر زوو ڕوخساری فریوکارانەی ناوبراویش وەکوو سەرکۆمارەکانی پێشوو دەرکەوت. هەر هزر و بیرۆکەیەکی دیکەی بە دژی ئیسلام، ویلایەتی فەقیە، درێژەی نیزام بەلاوە نرا. هەموو ئەویندارانی تینووی ئازادی و رزگاربوون لە ڕۆرینی ئەو دۆخەی کە کاربەدەستانی ڕابردوو بۆ کۆمەڵگای ئێران پێکیان هێنابوو، بێ هیوا کرد.

بارودۆخەکە توندتر کرایەوە و خەڵکێکی زۆر لە هەموو چینەکانی کۆمەڵگا، ڕەوانەی زیندانەکان کراون و هەروەها لە بواری کۆمەڵایەتیشدا خەڵکێکی زۆر ڕووی لە خۆکوژی و تەڵاق و ماددە هۆشبەرەکان کردووە. ئەمانە هەموویان هۆکاری بنەڕەتی تێکدانی بنەماڵەن و سەرچاوە دەگرن لە لاوازبوونی باری ئابووری، هەروەک کە ناوبراو قەولی بنبڕکردنی بێکاری لە ساڵی٢٠٢٠ داوە وەکو یەکێک لە تەرفەندەکانی دیکەیەتی بۆ بێدەنگ کردنی خەڵک. سەرەڕای ڕێککەوتنەکەی (١+٥)، هێشتا هیچ هیوایەک لە کۆماری ئیسلامی بەدی ناکرێ بۆ باشترکردنی بارودۆخەکە، هەر ئەوەش وای کردووە کە ئامریکا تەحریمێکی زۆرتر بخاتە سەر ئێران، چونکە حکومەتی ئێران دخاڵەت لە کاروباری ناوچەکەدا بە ئاشکرا دەکات و پشتیوانێکی بەهێزە بۆ تیرۆریزم و هەروەک ئێستاش لە پەلەقاژەدایە تا دژی ئەو رێفراندۆمەی باشووری کوردستان بوەستێت. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیکە باوەڕی بە مافی نەتەوەکانی دیکە نییە، هەروەک بنەماکەی لەسەر ویلایەتی فەقیه دامەزراوە و هەرچی لە دەستی بێت لە دژی ئەو رێفراندۆمە بەکاری دێنێ. حەسەنی رووحانی بەڵێنی زۆری بە ژنان دا و هەر ئەوەش ژنانی هێنایە سەر شەقام و سندوقەکانی دەنگدان. بەداخەوە کابینەکەی ئەوجارەشی تەنانەت یەک ژنیشی تێدا نەبوو، بۆخۆشی بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە فریودانی ژنان کووتی کە \'\'دەبا ژنی تێدا بووبا بەڵام بەداخەوە نەبوو\'\'.

ئەو بەشەی کۆمەڵگا کە لەم ماوەیەدا پتر لە جاران کەوتنە ژێر هەڕەشە، ترساندن و تەنگەژەی پترەوە ژنانن، کە سەر لە نوێ یاساگەلێکی ناسەردەمیانەی رێژیم ئەوانی پتر خستە ژێر گوشارەوە و تەنانەت بۆیە ئەو گوشارانە بۆ ژنان دێنن، کە ناچاریان بکەن واز لە کاری دەرەوەی ماڵ بێنن و بچنەوە نێو ماڵ و ماڵداری بکەن. هێنانەوەی باسی (پوششی ئیسلامی)، هەڵاواردنی ڕەگەزی، جیاکردنەوەی شوێنی کاری ژنان و پیاوان لە یەکتر، لە نەخۆشخانە و ئیدارەکانی دەوڵەتی تەنانەت زانکۆ و قوتابخانەکان و ...هتد، بارودۆخەکەی خراپتر کردووە.

لە وەها دۆخێک دا هەندێک کۆمەڵی بچووکی ژنان لە ژێر ناوی ڕێکخراوەی مەدەنی، لە شارەکانی ئێران لە نێو ڕووناکبیران و زانکۆکان دا، پێک هێنراون و بە خەبات دژی توندوتیژی و بەرنامە نایاساییەکانی بەشێک لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی رادەوەستن و ناڕەزایەتی خۆیان لە ڕێگای مانگرتن و تۆڕی ئینتێرنێتەوە بە گوێی میدیاکان دەگەیەنن و لەو پەیوەندییەدا دەیان ژنی خەباتگێڕ لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی رێژیمەوە بانگ کراونەتە ئیتلاعات و هەڕەشەیان لێکراوە یان جەریمەی قورسیان لێوەرگرتوون و یان خراونەتە بەندیخانەکانی رێژیمەوە.

بە باوەڕی من، لە کوردستانی رۆژهەڵات زۆر خۆڕاگرانەتر بەربەرەکانی لەگەڵ زوڵم و زۆریەکانی کۆماری ئیسلامی دەکرێ. بە هاتنە سەر شەقام و دوکان و بازاڕ داخستن بەرەو رووی زوڵم و زۆریەکانی ئەو حکومەتە دەبنەوە. بەتایبەتی ژنان ڕۆڵێکی سەرەکیان تێدا هەیە، چونکە دەبینن لە پێش چاویان کوڕ و مێرد و باوکیان و خۆیان بۆ بژێوی رۆژانەیان یا دەکوژرێن و یا رەوانەی چاڵە رەشەکانی حکومەت دەکرێن. پایەکانی حکومەت لەرزۆک بوونە، خەڵکی بە گشتی تینووی ئازادین، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کە گشت نەتەوەکان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن تا ئەو حکومەتە بەرەو نەمان بەرین. دیسان لەسەر ئەو باوەڕەم کە حکومەتێک کاتێک باوەڕی بە مافی مرۆڤ نەبێت بەرەو نەمان دەچێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.