کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکی سەرمایەی ئورووپا، لەمەڕ هاوکاریکردن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ناڕازییە

12:59 - 16 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بانکی سەرمایەی ئورووپا، داواکاریی یەکیەتیی ئورووپای لەمەڕ پێوەندی بازرگانیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانی ڕەت کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، هەندێ سەرچاوە لە یەکیەتیی ئورووپادا باس لەوە دەکەن، کە ڕۆژی سێشەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بانکی سەرمایەگوزاریی ئورووپا داواکاریی ئەو یەکیەتییەی بۆ پێوەندی ئابووریی لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانی ڕەت کردووەتەوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە، کە یەکیەتیی ئورووپا بەنیازە بانکی سەرمایەدانان هان بدات، هەتا پشتگیریی ئەو کومپانیانە بکات، کە لە ئێراندا سەرمایەکانیان وەگەڕ دەخەن.

ڕۆیتێرز لەو بارەوە نووسیویەتی: "بانکی سەرمایە لەوە دەترسێ کە یەکیەتیی ئورووپا بەو کارەی ببێتە هۆی زیانێکی ئابووریی قەرەبوونەکراو بۆ سەرمایەکانی ئەو بانکە.

کشانەوەی ترامپ لە بەرجام و ترس لە گەمارۆوەکانی ئامریکا، بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی بانک و کومپانیا بیانییەکان بە ترسەوە بڕواننە پێوەندی و مامەڵەی ئابووریی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا.