کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکی کۆنلۆن هاوکارییەکانی لەگەڵ ئێران ڕاگرت

11:01 - 2 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بانکی کۆنلۆنـ"ـی چین، هاوکاری و پێوەندییە بانکییەکانی خۆی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرت. خاوەنی پشکی سەرەکیی ئەم بانکه، کۆمپانیای نەوتی چینە، کە خاوەنی زۆرتر لە ٧٠ لەسەدی پشکی ئەم بانکەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی بڵاوکراو لە لایەن هەواڵدەریی رویترزەوە، بانکی کۆنلۆنی چین ڕایگەیاندووە، که لە ڕۆژی دووشەممە، ٨ی خەزەڵوەرەوە، هەموو هاوکارییە ماڵییەکانی خۆی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕادەگرت.

ئەم بانکە داوای لە هەموو سەنیارەکانی (مشتری) خۆی کردووە، کە کارە بانکییەکانی خۆیان تا ئەم ڕێکەوتە لەگەڵ ئێران بەئەنجام بگەیەنن.

بانکی کۆنلۆن، هەر لە حەتووی ڕابردووەوە، هاوکارییە داراییەکانی خۆی لەگەڵ بانکەکانی سینا و پارسیان، ڕاگرتبوو.

چین یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لەگەڵ سەپاندنی یەکلایەنەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دژایەتی دەکات، ڕاگرتنی ئەم هاوکارییە داراییانەش لە ئاکامی هەڕەشەکانی وڵاتی ئامریکا بۆ سەر ئەم وڵاتە هاتووەتە ئاراوە.

دەستپێکردنەوەی گەمارۆوەکان بە شێوەی هەمەلایەنە بۆ سەر ڕێژیمی تاران و هەروەها نزیکبوونەوەی خولی دووهەمی گەمارۆوەکان لە کشانەوەی وڵاتانی دیکە لە ئێران و ڕاگرتنی کار و چالاکی لەم وڵاتەدا کاریگەریی بەرچاوی هەبووە.