کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکەکانی ئێران قەرزدارتر لە جاران

12:01 - 2 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران، لە حاڵێکدا باس لە چاککردنی نیزامی بانکی دەکات، کە ئامارەکانی بانکی ناوەندی، ئاماژه به زۆربوونەوەی ٤٣ لەسەدیی قەرزی بانکەکانی ئێران بەم بانکه دەکات.

چاککردنی نیزامی بانکی ئێران، چەند ساڵێکە که هاتووەتە گۆڕێ و بەناوبانگترین ئابووریناسانی ئێرانیش لەو کاتەوە تا ئێستە سەرنجێکی زۆری ئەم بابەتەیان داوە.

یەکێک لە خواسته سەرەکییەکانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە بەرپرسی بانکی ناوەندی و وەزیری ئابووری و داراییی ئێران چاککردنی نیزامی بانکییە.

وەزیری ئابووریی ڕێژیمی ئێران، هاوکات لەگەڵ دانرانی لەسەر ئەو کارە، باسی لە پێویستیی چاککردنی ئەم نیزامه بانکییە له داهاتوویەکی نزیکدا کردبوو و بەرپرسی بانکی ناوەندیش دەستپێکردنی ئەم کارەی ڕاگەیاندبوو.

عەبدولناسر هیمەتی، بەرپرسی گشتیی بانکی ناوەندی لەم بارەوە رایگەیاندووە: که دەبێ سەرەتا قەرزی بانکەکانی دیکه به بانکی ناوەندی بدرێتەوە، تا بتوانێ دۆخێکی باشتر بۆ درێژەی کاری بانکەکان بێتە ئاراوە.

ڕاپۆرتی بانکی ناوەندی سەبارەت به قەرزی بانکەکان نیشان دەدات، که قەرزی بانکەکان به بانکی ناوەندی، لە ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا، ١١٢ هەزار و ٣٨٠ میلیارد تمەن بووە، که لە ڕەزبەری ئەمساڵدا گەیشتووەوتە ١٦٠ هەزار و ٥٤٠ میلیارد تمەن.

بەپێی ئەم ئامارانە قەرزی بانکەکان به بانکی ناوەندی، لە ماوەی ئەم یەک ساڵەدا، به ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە؛ ئەگەر بەم پێیە بڕوات، نەک تەنیا کێشەی قەرزی بانکەکان چارەسەر نابێت بەڵکوو بانکەکان زیاتر لە جارانیش قەرزدار دەبن.