کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بۆ پێشگرتن لە ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی

16:32 - 12 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە بانگەوازێکدا، داوای لە سەرجەم هاووڵاتییان و هاونیشتمانیان کردووە، دژی بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی، چالاکیی ناڕەزایەتیی دەرببڕن.

دەقی بانگەوازەکە:

بانگەوازێکی بە پەلە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە
ئەگەری ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی هەیە!

هەڵمەتێکی گشتی و خێرا بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئەو پێویستە!


لە ڕۆژی سێشەمە ١١ی بانەمەڕەوە، بەندیی سیاسیی کورد، ڕامین حوسێن‌پەناهی، بۆ قەرەنتینە ڕاگوێزراوە. نیشانەکان ئەوە دەگەیەنن، کە جەللادەکانی کۆماری ئیسلامی نیازی ئێعدامی ئەو لاوە کوردەیان لەم ١-٢ ڕۆژەدا هەیە. بە سەرنجدان بە تەئیدکرانەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ڕامین لە لایەن دیوانی بەرزی وڵات و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ڕق و دوژمنایەتیی لەمێژینەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان و لەمانەش گرینگتر، پێویستیی ئێستای ئەو ڕێژیمە بە چاوترساندنی خەڵکی وەزاڵەهاتووی شار و ناوچەکانی کوردستان، نیگەرانی لە ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی زۆر جیددییە.

لەم دوا ساتانەی ژیانی ئەو لاوە کوردەدا، تەنیا شتێک کە دەتوانێ ئەم ڕێژیمە لە بڕیاڕی ئێعدامی ئەو پاشگەز بکاتەوە، بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتیی هاوزمانان و هاونیشتمانانی ڕامین و هەموو مرۆڤە بەویژدان و بەهەڵوێستەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتە. بەم بۆنەیەوە بانگەوازی کۆمەڵێک کەمپەین و چالاکیی لە نێوخۆی ڕۆژهەلات و لە وڵاتانی ئورووپایی بڵاو بوونەتەوە.

ئێمە وێڕای پشتیوانی لە کۆبوونەوە و ڕێپێوان و هەر حەرەکەتێکی دیکە بۆ بەرگریی لە گیانی ڕامین حوسێن‌پەناهی و مەحکووم کردنی بڕیار و نییەتی ئێعدامی ئەو بەندییە سیاسییە، لە هاونیشتمانان لە نیوخۆ و دەرەوەی وڵات داواکارین دوایین دەرفەتەکان بۆ دەنگهەڵبڕین دژی ئەم تاوانە، لە دەست نەدەن. چاوەڕوانیمان ئەوەیە، هەڵمەتێکی خێرا و گشتی بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بیروڕای گشتی بۆ لای تاوانێک کە خەریکە ڕوو بدات، وەڕێ بخەن.

لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی بەرگری، لە مافی مرۆڤیش داوا دەکەین، هەوڵەکانی خۆیان بە مەبەستی نەجاتی گیانی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیاتر و خێراتر بکەن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
پێکهاتوو لە:
ـ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ـ حیزبی دێموکراتی کوردستان
ـ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
ـ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

١٢ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی
٢ی مەی ٢٠١٨ی زایینی