کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی یەکیەتیی پیشەییی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بۆ مانگرتنی گشتیی مامۆستایانی لە کوردستان و ئێراندا

12:18 - 23 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: یەکیەتیی پیشەییی مامۆستایانی کوردستانی ئێران لە بانگەوازێکدا پشتیوانیی خۆیان لە مانگرتنی مامۆستایانی سەرتاسەریی ئێران دەربڕی و ڕایانگەیاند، کە خۆیان تێکەڵ بەو مانگرتنە دەکەن.

مامۆستا بەڕێزەکان!

قوتابی ئازیزەکان!

دایکان و باوکانی ئازیز!

لە کاتێکدا مامۆستایان لەبەر گرانیی سەرسوڕهێنەر و ئاوسانی (تورم) بەردەوام توانای پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خۆیان و بنەماڵەکانیان نییە، دەوڵەتی حەسەنی ڕۆحانی لە جیاتی بەدەنگەوەهاتن و بەرزکردنەوەی ئاستی مووچەی مامۆستایان و پێڕاگەیشتن بە مامۆستایانی خانەنشین، بە شێوەیەکی نابەرپرسانە "ئومێد دەرمانی" وەک چارەسەریی مەینەتییەکانی خەڵک و مامۆستایان پێشنیار دەکات.

ئەم لێدوانە نابەرپرسانەیەی سەرۆکی حکوومەت لە کۆماری ئیسلامی بە بێڕێزیی بە داوای ڕەوای مامۆستایان دەزانین. بۆیە هاوکات و هاودەنگ لەگەڵ شۆڕای ڕێکخستنە پیشەیییەکانی مامۆستایانی ئێران لەبەر گرانی، ئاوسان و داشکانی لەڕادەبەدەری توانای کڕینی مامۆستایان و فەرهەنگییان، وەک یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، پشتگیریی داوای مانگرتنی مامۆستایانی سەرانسەریی ئێران دەکەین و تێکەڵ بەو مانگرتنە گشتییە دەبین. داوا لە مامۆستایانی بەشخوراو و زەحمەتکێشی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەگشتی دەکەین بۆ پشتگیریی لە هاوپیشەکانمان و ڕێزگرتن لەکەسایەتیی مامۆستایان، تێکەڵ بەو مانگرتنە سەرانسەرییە ببن.

بەپێی ڕاگەیەندراوی "شۆرای ڕێکخستنە پێشەیییەکانی مامۆستایانی ئێران" یاساکانی بەڕێوەبەریی خزمەتگوزاریی وڵات، زیاتر لە دە ساڵە بەڕێوە ناچێت.

پلەبەندییەکانی مامۆستایان سێ ساڵە مانگ بە مانگی پێ دەکرێت و دوا دەخرێت.

سندووقی پاشەکەوتی مامۆستایان تاڵان کراوە و لە پشکی هەر ئەندامێک ١٨ ملیۆن تمەن دزراوە.

نرخی ئاوسان و مووچەی مامۆستاکان هاوشان نین و مامۆستایان بە کردەوە ئێستا لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

قوتابخانە گشتی و دەوڵەتییەکان بە پارەی خەڵک و بنەماڵەی قوتابییەکان بەڕێوە دەچن و لە باری چۆنیەتییەوە زۆر دابەزیون."

هاونیشتمانیانی خۆشەویست!

هەروەک ئاگادارن، لەو گرانی و بێداهاتییەی مامۆستایان و خەڵکی بێدەرەتان و دەسکورتەدا، دەوڵەت بوودجەی قوتابخانە و پەروەردە، کە بەپێی یاسای بنچینەیی کۆماری ئیسلامی لە ئەستۆی دەوڵەتە، خستووەتە سەر شانی خەڵک و بنەماڵەی قوتابییەکان و لە جیاتی ئەوەی بەدەم داوای خەڵكی هەژار و مامۆستایانەوە بێت،  بەردەوامە لە پشتگیریی گرووپ و کۆمەڵە توندئاژۆوەکانی یەمەن، لوبنان، عێراق و بەشار ئەسەدی دیکتاتۆر و پەرەپێدان بە خەرجی بێسود لە پێناو مووشکهاوێژی و بردنەسەری بوودجەی نیزامیدا.

دایکان و باوکانی قوتابییە ئازیزەکان!

پێکهاتەی سیستمی پەروەردە لە کۆماری ئیسلامیدا لە دەرەوەی ستانداردە جیهانییەکانە: لە لایەک، لە ڕووی فەزای پەروەدەیی و فێرکارییەوە؛ جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆری قوتابی ناچار کراون لە فەزایەکی تەسکدا بخوێنن، بەهۆی کۆنبوونی لەڕادەبەدەری بینای قوتابخانەکان گیانی خوێندکار و مامۆستاکانیش لە مەترسیدایە و نموونەی ئەمەش "قوتابخانەی شیناوێ" لە ناوچەی پیرانشارە، کە ئێستاش ئاسەواری سووتان هەر بە جەستەی قوتابییانەوە ماوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، نێوەرۆکی کتێبە پەروەردەییەکان بەتەواوی بە ئایدۆلۆژیی کراوە: قوتابی هان دەدەن بۆ دەمارگرژیی، جەمسەربەندیی ئاینیی، ڕەگەزی و چاندنی تووی نەفەرەت و بێزاری لە ئایین و نەتەوەی جیاواز لە ئایینی ڕەسمی و نەتەوەی باڵادەست، وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی ئێران لە باری ئیداری و کارگێڕییەوە هیچ دەسەڵاتێکی چاکسازیی و تەنانەت بیرۆکە و بەرنامەیەکی ئەوتۆشی نییە چاکسازیی بکات و لەو سیستمە دواکەوتوو و کۆنەپەرستانەیە دەربچێت. لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی وەک کوردستان، سیستان و بەلووچستان، خووزستان و هێندێک شوێنی ئازربایجان، قوتابخانەکان بەتەواوەتی لەژێر کۆنتڕۆڵ و چاوەدێریی دەزگا ئەمنییەکانن و هەڕەشە لەو مامۆستایانە دەکرێت کە بە دژی جیاوازیدانان و ناداپەروەریی سیستماتیکی دەوڵەت لەو ناوچانە هەڵوێست دەگرن. بەگشتی لە سەرانسەری ئێران دەزگا ئەمنییەکان و دەزگای دادوەری لە جیاتیی گرتنی دز و گەندەڵەکان، هەڕەشە لە مامۆستا مافخواز و دادخوازەکان دەکەن، دووریان دەخەنەوە، بێکاریان دەکەن یان دەریان دەکەن و دەیانگرن.

ئێمە وەک یەکیەتیی پیشەییی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، بانگی مامۆستایان لە هەموو شارەکانی کوردستان دەکەین لەو مانگرتنە سەرانسەرییەی ئێراندا بەشدار بن و لەو پێشێلکاری و بێڕێزییانەی دەزگاکانی دەوڵەت پێیان دەکەن بێدەنگ نەبن. داوا لە هەموو تاک و گرووپ و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی گەلەکەشمان دەکەین لەو مانگرتنە سەرانسەرییەدا بەشدار بن و پشتی مامۆستایان بگرن بۆ لابردنی زۆرداری و نادادپەروەری لەسەر مامۆستایان و قوتابخانەکان بۆ بیناکردنی داهاتوویەکی ڕوون و باشتر بۆ قوتابییەکان، مامۆستایانی خانەنشین و ئەو مامۆستایانەی وا بەردەوامن لە پیشەکەیان .

بەڵێ بۆ مانگرتنی گشتیی مامۆستایان و سەرکەوێت دادپەروەریی، ئازادی و یەکسانیی بەسەر زۆرداری، گەندەڵی و کۆنەپەرەستیدا!

یەکیەتیی پیشەییی مامۆستایانی کوردستانی ئێران