کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات ماڵئاوایی لە ژیان کرد

15:46 - 12 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: مام ئیبراهیم ڕەحمانی باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ورمێ کۆچی‌ دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، مام ئیبراهیم ڕەحمانی باوکی شەهید فاخر ڕەحمانی خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ بە هۆی نەخۆشی لە یەکێک نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد.

مام ئیبراهیم کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویست بوو و بە هۆی ئەوەیکە تەسلیمی داواکارییەکانی ڕێژیم نەدەبوو چەندین جار لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی داگیرکەر ئەشکەنجە درابوو.

تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.

شەهید فاخر ڕەحمانی ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی لە شارۆچکەی دزەی مەرگەوەڕ لەدایک بووە و شەهید فاخر کادری پلە ٤ی حیزبی دێموکرات لە کۆمیتە شارستانی ورمێ بوو، کە ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٣٦٩ی هەتاوی لە شوێنێک بە ناوی زینی لە شەڕ دژی داگیرکەرانی کوردستان شەهید بوو.

گڵکۆی ناوبراو لە گۆڕستانی دزەی مەرگەوەڕە.

هەروەها کچێکی مام ئیبراهیم بە ناوی نادیا ڕەحمانی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێیە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.