کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ماڵاوایی لە ژیان کرد

12:10 - 4 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری جوانڕۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا،  ئەندامێکی دڵسۆز، باوک و برای شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی جوانڕۆ کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژ، مام "تۆفێق وەکێڵی" ناسراو بە "تۆفێق بەگ" کوڕی "ڕۆستەم بەگی وەکێڵ" خەڵکی "قەڵای جوانڕۆ" لە تەمەنی ۷٦ ساڵی بە هۆی جەڵتەی مێشک لە نەخۆشخانەی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو کەسایەتیەکی خۆشناو و جێگای متمانەی خەڵکی ناوچەکە بوو. مام تۆفیق لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ بوو کە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە ئاوارەی باشووری کوردستان بوون.

ناوبراو ئەندامێکی چالاک، دڵسۆز و بە وەفای حیزب بوو و لە ناوچەی جوانڕۆ، هەورامان و کامیاران بەناوبانگ بوو.

برایەکی مام تۆفیق بە ناوی شەهید "سۆهراب وەکێڵی" و کوڕێکی بە ناوی شەهید "جەماڵ وەکێڵی" به دەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکەوتی ۱٨ی  سەرماوەزی ١٣٥٨ لە شوێنێک بەناوی "مڵە پاڵنگانە" تێرۆر کران.

شەهید جەماڵ ساڵی ١٣٣٩ لەدایکبووە و لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران سەرخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانێت.