کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان کۆچی دوایی کرد

11:30 - 13 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: باوکی شەهیدێک و پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.

 بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانان، کاک فەتاح حاج‌ڕەسووڵی ناسراو بە "فەتاح ئەحمەدی حاج‌ڕەسووڵی ئاڵیکەند" باوکی شەهید "دوکتور سوڵتان حاج‌ڕەسووڵی" و هاوڕێی پێشمەرگە "شەماڵ حاج‌ڕەسووڵی" لە گوندی ئاڵیکەندی سەر بە شاری بۆکان، لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کاک فەتاح لە ساڵی ١٣٥٨ـەوە دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکرات و لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان ئەرکە حیزبییەکان بە لێوەشاوەیی و سەرکەوتووانە بەڕێوە دەبات، هەروەها کۆچکردوو لە ساڵەکانی دەیەی ٦٠دا چەندین جار لە لایەن ئیتلاعاتەوە بەهۆی باوەڕە بەرزە نیشتمانییەکانی دەگیرێت و ئەشکەنجە و زیندانی دەکرێت.

ناوبراو ماوەی چەند ساڵیک وەک هێزی بەرگری شان بەشانی پێشمەرگەکانی کوردستان بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان کرد و تا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی شەهیدانی کوردستان بوو.

کوڕێکی ناوبراو بەناوی  سوڵتان ناسراو بە دوکتوور سوڵتان لە ساڵی ٥٨وە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لەبەرکرد و چەکی دیفاع لە گەل ونیشتمانەکەی لە هێزی بەیاندا لەشان کرد؛ زۆری نەخایەند دوکتورسوڵتان لەناودڵی هاوسەنگەرانی و خەڵکی ناوچەدا جێی خۆی کردەوە و بوو بە خۆشەویستی هەموولایک، پاشان وەک کادری دەرمانی ئەرکی بۆ دیاری کرا وهەمیشە لە بەرەکانی شەڕدا حزوری بەرچاوی هەبوو.

لە ساڵی ٦٤دا وەک بەرپرسی کومیتەی فەرهادتاش دیاریکرا کە بەبێ ماندووبوون ودوودڵی ئەوئەرکەشی بەڕێوە برد؛ بەداخەوە لە ساڵی ٦٥دا لەگەڵ دووهاوڕێی دیکەی لە ئاوایی قەدیم لەلایەن چڵکاوخورێکی خۆفروشەوە راپورتیان لێدرا و بەدەستی پاسدارانی جەهل ونەزانی گیران؛ دوای ٥ساڵ ئەشکەنجە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا ئێعدام کرا و درێژەی رێگاکەی بەهاوسەنگەرانی ئەسپارد.

کوڕێکی دیکەی مام فەتاح بەناوی شەماڵ و برازایەکی بەناوی هێمن هەنووکە لە ڕیزەکانی خەبات بەدژی داگیرکەرانی کوردستانن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشی خۆی لە هاوڕێ شەماڵ و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.