کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

12:44 - 13 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری نەغەدە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا،  ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاک "عەلی ئێبراهیمی" ناسراو بە "عەلی دریازی"، خەڵکی گوندی "شاوەلە" سەر بە شاری نەغەدە، کۆچی دوایی کرد.

کاک عەلی، باوکی فەرماندەی شەهید "محەممەد دریازی" بوو، کە شەهید محەممەد یەکێک لە فەرماندە قارەمانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو.

تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆڕای خەڵكی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.

شەهید "محەممەد دریازی" ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی، لە گوندی شاوەلە چاوی بە دنیا هەڵێنا و ڕێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕی ١٣٦٤ هەتاوی، لە شەڕێکی قارەمانانەدا لە شوێنێک بە ناوی "ئاغوتمانـ"ـ‌ی شاری مەهاباد تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

تەرمی فەرماندەی شەهید لە گوندی گامیشیان بە خاک ئەسپێردرا.

‎حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.