کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

12:05 - 5 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی دووشەممە، ٤ی خەرمانان، مام "یەحیا نەسروڵڵاهی" باوکی شەهید "خەلیل نەسروڵڵاهی"، خەڵکی گوندی قاسملوو، دانیشتووی شاری شنۆ لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا بەهۆی بەساڵاچووییەوە بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت.

مام "ئەحیا" ساڵی ١٣١٠ی هەتاوی لەدایک بووە. کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر بوو کە هەتا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی مایەوە.

بنەماڵەی مام یەحیا لە ترسی ڕێژیم، ماڵەکەیان لە گوندی قاسملوو بەجێ هێشت و لە شاری شنۆیە گیرسانەوە.

تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆرای خەڵکی شنۆ و ورمێ، لە گۆڕستانی شێخ سماییل لە گەڕەکی مام تەمری شاری شنۆ بە خاک ئەسپردرا.

شەهید "خەلیل" ناسراو بە "خەلیل قەناسە"، لە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی، لە گەلی قاسملوو لەدایک بوو ناوبراو دوای پەیوەست بوونی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هێزی سمکۆدا سازمان درا.

 ناوبراو بەهۆی هەستکردن به زوڵم و چەوساندنەوەی نەتەوەکەی، پەیوەست بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوو و ئەرکی حیزبیی خۆی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوە دەبرد.

شەهید "خەلیل" ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ساڵی ٦٢ی هەتاوی، لە شوێنێک بە ناوی "گوندەوێڵە"، سەر بە شاری شنۆ، لە دەرگیرییەک لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

گڵکۆی ناوبراو لە گوندی "جاشێرانـ"ـه.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.