کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

11:57 - 15 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: باوکی شەهیدێکی سوورخەڵاتی کوردستان لە شاری مەهاباد، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی خەرمانان، حاجی ''مستەفا مستەفازادە'' باوکی شەهید ''سلێمان مستەفازادە''، لە گوندی ''لەجـ''ـی سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

"حاجی مستەفا"، کەسایەتییەکی خۆشناوی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بوو و لە کاتی خۆیدا لە کۆمیتەی ئەو ناوچەیەدا کار و چالاکیی زۆری نواندووە.

شەهید ''سلێمان مستەفازادە'' لە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ١٣٦١، لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزەکانی داگیرکەری ڕێژیمی ئێران، لە ڕێگای نێوان مەهاباد- میاندوواودا، تیکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

هەروەها کوڕێکی دێکەی "حاجی مستەفا" بە ناوی ''فەتاح''، ئەندامی حیزبی دێموکرات بووە و ماوەیەکی زۆر لە لایەن ڕێژیمەوە زیندانی کراوە و دوای ئەوەی کە لە زیندان ئازاد کرا، گیانی لەدەست دا.

 تەرمی "حاجی مستەفا"، لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.