کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

11:47 - 29 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری مەهاباد بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی خەرمانان، حاجی "محەمەد عەبداڵی" باوکی شەهید "ڕەحمان عەبداڵی"، خەڵکی گوندی "خەلیفەلیان''، سەر بە ناوچەی سندووسی نەغەدە، دوای تەمەنێکی پڕسەروەری، لە شاری مەهاباد بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت.

مام حاجی کەسایەتییەکی حیزبدۆست و نیشتمانپەروەر بوو کە هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکەی دەکرد و تا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی مایەوە.

شەهید "ڕەحمان عەبداڵی" ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی، لە گوندی خەلیفەلیان لەدایک بووە و دوای هێرشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان پەیوەست بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بووە.

ناوبراو بەهۆی ئازایەتی و لێهاتوویی، پلەی تەشکیلاتیی کادری دەرجە ٤ی پێدەدرێت و ئەرکە حیزبییەکانی خۆی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوە دەبرد.

دەرئەنجام شەهید "ڕەحمان"، ڕێکەوتی ٢١ی بانەمەڕی ساڵی ٦٧ی هەتاوی، لە دەرگیری و تێکهەڵچوونێک لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان لە شوێنێک بە ناوی "چەقەڵ مستەفا"، تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان دەبێت.

گڵکۆی شەهید ڕەحمان بێسەروشوێنە.

تەرمی حاجی "محەممەد" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانیت.