کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزی پێشووی ڕێژیمی ئێران: کاریگەریی گەمارۆوەکان توندتر دەبێت

15:01 - 13 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: باڵوێزی پێشووی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، کاریگەریی نەرێنیی خولی نوێی گەمارۆوەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانی بە توند وەسف کرد و وتوویەتی: ئامانجی کۆتاییی ئامریکا، گۆڕینی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

حوسێن مووسەویان، باڵوێزی پێشووی ڕێژیمی ئێران و دانوستانکاری ڕابردووی کاروباری ناوکیی ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئاڵمان باسی لەوە کردووە، کە گەڕانەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە خولی یەکەمدا، کاریگەریی لەسەر بازرگانیی دەرەکی ئەم ڕێژیمە داناوە و ئابووریی ئێرانی لاواز کردووە.

مووسەویان سەبارەت بە خولی دووهەمی گەمارۆوەکان وتوویەتی: کاریگەریی ئەم گەمارۆوانە لەسەر بازرگانیی دەرەکی و ئابووریی ڕێژیمی ئێران زیاتر دەبێت، چونکە بوودجەی ئێران بەستراوەتەوە بە هەناردەکردنی نەوت و گازەوە و ئەم بەشە بە ڕێژەی ٦٠ لەسەدیی گشتیی بازرگانیی دەرەکی کۆماری ئیسلامی لە خۆ دەگرێت.

مووسەویان لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئامانجی کۆتاییی واشنگتۆن، گۆڕینی ڕێژیمی ئێرانە و ئەمە چوار دەیەیە کە هەوڵ بۆ ئەم مەبەستە دەدات.

ناوبراو باسی لە ڕۆڵی ئورووپا لە ڕاگرتنی بەرجامدا کردووە و وتوویەتی: یەکیەتیی ئورووپا تا ئێستا لە بەرانبەر گەمارۆوەکانی ئامریکاوە بەباشی خۆڕاگری کردووە؛ هەروەها وتوویەتی: دانڵد ترامپ خەریکی ئەزموونکردنی سیاسەتێکی شکستخواردوویە و بە زووترین کات دەزانێ ئەم ستراتیژییە بە ئاکام ناگات.

قسەکانی مووسەویان لە کاتێکدایە کە پێویستیی گۆڕانی ڕێژیمی ئێران لە مانگەکانی ڕابردوودا بە ئاشکرا لە هەڵوێستی ئامریکادا جێی گرتووە و لە ڕێگەی توندبوونی گوشارەکانیشەوە هەوڵی بۆ دراوە.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکاش، پاش هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام ڕایگەیاند: کە خەڵکی ئێران دەبێ لە بەرانبەر حکوومەتەکەیان بڕیار بدەن.

قسەکانی مووسەویان سەبارەت بە توندبوونەوەی کاریگەریی گەمارۆوەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، نیشاندەری لاوازیی حکوومەتی ئێران لە بەرانبەر گەمارۆوەکانی ئامریکایە، کە هاوکات لەگەڵ گەمارۆوەکان، ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی خەڵکی ئێرانیش بەرانبەر بە بەرپرسانی حکوومەتی زیادی کردووە.