کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هووک: ڕێژیمی ئێران مووشەک بۆ عێراق، یەمەن و سووریە هەناردە دەکات

12:05 - 29 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی گرووپی هەنگاو بە دژی ئێران، ڕێککەوتنی بەرجامی بە ڕێککەوتننامەیەکی لاواز پێناسە کردووە.

برایان هووک لە دانیشتنی دامەزراوەی هادسۆن، کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانان بەڕێوەچوو، ڕەخنەی لە ڕێککەوتننامەی بەرجام گرت و ڕایگەیاند: "ئامریکا هیوادارە لەگەڵ ئێراندا بە ڕێککەوتنێک بگەین، بەڵام نەک وەک ڕێککەوتنێکی کەسیی لە نێوان دوو دەوڵەت کە لە ڕابردوودا هەبوو، بەڵکوو دەمانەوێت پەیمانێکیان لەگەڵ واژۆ بکەین".

برایان هووک لە بارەی بەرنامەی مووشەکیی ئێرانەوە ڕایگەیاند: دەوڵەتی ترامپ لەسەر ئەو باوەڕەیە، کە دەبێت هاوکات لەگەڵ بەرنامەی ناوکییەکەی ڕێژیمی ئێران، بەرنامە مووشەکییەکەشی پشتگوێ نەخرێت، چونکە مووشەک گونجاوترین ئامرازە کە ئێران دەتوانێت بۆ هێرشی ناوکی بەکاری بێنێت".

بەرپرسی گرووپی هەنگاو بە دژی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا وتبووی: "لە ڕێککەوتنی بەرجامدا هیچ  چەمکێک نەبووە، کە بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران سنووردار بکات".

هەروەها ڕایگەیاندبوو، کە ڕێژیمی ئێران مووشەک بۆ وڵاتانی عێراق، یەمەن و سووریە هەناردە دەکات.

لە درێژەدا برایان هووک داوای کردووە، کە هەموو هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، خاکی سووریە بەجێ بهێڵن.

لە بارەی وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ناوبراو ڕایگەیاند: سەرەڕای ئەوەی کە سەرکۆمار و وەزیری دەرەوەی ئامریکا ئامادەیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی وتووێژ لەگەڵ ئێران دەربڕیوە، بەڵام سەرانی باڵای ڕێژیمی ئێران ئەنجامدانی وتووێژیان لەگەڵ دەوڵەتی ئامریکا بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کردووە.

پێشتریش بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی ئامریکا، بەردەوام ڕەخنەیان لە بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران گرتووە و بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ سەر ئەم ڕێژیمە و کەمکردنەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکانی و گۆڕینی هەڵسووکەوتە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا، جارێکی دیکە لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ گەمارۆوەکانیان بۆ سەر ئێران وەگەڕ خستەوە و بڕیار وایە ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵیش خولی دووهەمی گەمارۆوەکان دەست پێ بکات.