کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هووک: ڕێژیمی ئێران ڕێژیمێکی نائاسایییە

11:51 - 26 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران کە لە هەموو کارێکی دژەمرۆیی و  نانێونەتەوەیییەکان کەڵک وەردەگرێت، وەکوو ڕێژیمی نائاسایی چاوی لێ دەکرێت.

بەپێی هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ئامریکا، برایان هووک، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە پێوەندی لەگەڵ کاروباری ئێران، وتوویەتی: وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، بە دژی ئەو کارە بازرگانییانەیە، کە پشتیوانیی ماڵی لەو میلیشیایانە دەکات، کە لە چەکداری منداڵ کەڵک وەردەگرن.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، کە حکوومەتی ئاسایی و یاسایی لە منداڵ وەکوو چەکدار و سەرباز کەڵک وەرناگرێت، چونکە ئەمە کەڵئاژۆگرتن لە منداڵانە.

لەم پێوەندییەدا وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی ڕەزبەر، کۆمەڵێک زۆر دامەزراوەی ماڵی و کۆمپانیای سەر بە "بونیاتی تەعاوەنی بەسیجـ"ـی ڕێژیمی ئێرانی خستە لیستی گەمارۆوە ئابوورییەکانی خۆی.

ڕێژیمی ئێران، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە لە منداڵان وەکوو قەڵغان و ئامرازێک بۆ بەرەکانی شەڕ کەڵکی وەرگرتووە، کە بەرچاوترینیان "حوسێن فەهیمدە"یە کە لە سەردەمی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، کە لە ژێر دەبابەکانی ڕێژیمی بەعس خۆی تەقاندەوە، لە حاڵێکدا کە تەمەنی تەنیا ١٥ ساڵ بوو و خومەینی بۆ ئەوەی منداڵانی دیکە بۆ بەرەکانی شەڕ هان بدات، دەیگوت: ڕێبەری من ئەو منداڵەیە کە بە نارنجۆک لە ژێر دەبابە خۆی دەتەقێنێتەوە.