کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هووک: ئێران واز لە هەناردەکردنی شۆڕش بێنێت

11:32 - 31 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە وڵامدانەوەیەک بە وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، برایان هووک داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە، هەتا واز لە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ وڵاتانی دیکە بهێنێت.

پاش ئەوەی کە وەزیری دەرەوەی ئێران پێشنیاری ئامریکای بۆ وتووێژ ڕەت کردەوە، بەرپرسی گرووپی هەنگاو بەدژی ئێران، لە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت ئاڵوگۆڕ بەسەر خۆیدا بێنێت و واز لە سیاسەتی هەناردەکردنی شوڕش بۆ وڵاتانی دیکە بهێنێت".

ئێوارەی پێنجشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، برایان هووک لە وتووێژ لەگەڵ ئیسکای نیوزی عەرەبیدا، داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە، کە واز لە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ وڵاتانی دیکە بێنێت.

ناوبراو چەند ڕۆژ پێشتر باسی لەوە کردبوو، کە دەوڵەتی ئامریکا ئامادەیە هەتا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕێککەوتنێکی نوێ ببەستێت، بەڵام جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە پەیامێکی تویتێریدا داواکارییەکەی هووک ڕەت کردبووەوە.

برایان لەو وتووێژەدا پشتڕاستی کردووەتەوە، کە لە ١٣ی خەزەڵوەرەوە توندترین گەمارۆوەکان بۆ سەر کەرتی نەوت و سیستمی بانکیی ڕێژیمی ئێران، دەست پێ دەکەنەوە.

ئامریکا پێشتریش ڕایگەیاندبوو، هەرکات رێژیمی ئێران وازی لە هەڵسوکەوتە خراپەکانی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هێنا و یارمەتیگەیاندن بە تێرۆریستان و سیاسەتی هەنارەکردنی شۆڕشەکەی بۆ وڵاتانی دیکە ڕاگرت، ئامادەین کە لەگەڵ ئەو ڕێژیمە ڕێککەوتنێکی تەواو ببەستین.