کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هوک جارێکی تر جەختی لە سەر مەترسییەکانی ئێران بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان کردەوە

17:18 - 16 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: برایان هوک نوێنەری تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، جارێکی تر جەختی لە سەر مەترسییەکانی ئێران بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان کردەوە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ۱۵ی خەزەڵوەر برایان هوک، نوێنەری تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئەلعەرەبییە" جارێکی تر جەختی لە سەر مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان کردەوە و لەمبارەشەوە ئاشکرای کرد، حکوومەتی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پێشگرتن لە چالاکییە تیرۆریستییەکانی تاران، گەڵاڵەیەکی بە دەستەوەیە.

برایان هوک، لە وتووێژەکەیدا ئاماژەی بە چەند هەوڵ و چالاکی تێکدەرانە و تیرۆریستی ئێران کرد و وتی: "ئێران وێڕای ئەوەیکە چالاکییە "ناوکی"ـیەکەی هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان لە سەر دروست کردنی مووشەکی بالستیک بەردەوامە، پەرە بە هێرشە سایبێرییەکانی دەدات و پاڵپشتی ماڵیی تیرۆریزم دەکات. ئێمە لەمبارەوە گەڵاڵەیەکی گشتگیرمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو چالاکییانەی ئێران بە دەستەوەیە. جیا لەوەیکە گەمارۆکان بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبن و ڕێکارگەلێکی تریش دەگرینەبەر".

نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، لە سەر هەوڵەکانی ئێران بۆ دەورلێدانی گەمارۆکان ڕایگەیاند، ئەو سزایانەی کە بە سەر ئێراندا سەپاون توندتر دەبێت، وتیشی؛ "گەمارۆ نوێیەکان بۆ سەر ئێران پەرە دەستێنێت و هەموو ئەو وڵاتانەی کە لەگەڵ ئێران پەیوندی بازرگانییان هەیە، دەگرێتەوە".

ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا ڕایشیگەیاند، حکوومەتی ئەمریکا گەمارۆ نوێیەکانی بۆ سەر ئێران جێبەجێ دەکات و وتی؛ "ئێمە پێشبینی ئەوەشمان کردووە کە ئێران بۆ دەورلێدانی گەمارۆکان هەوڵ دەدات، ئەگەر ئێران لەمبارەوە هەوڵەکانی بخاتە گڕ، گەمارۆی زیاتر دەخەینە سەر ئێران و ئەو وڵاتانە کە پەیوەندی بازرگانییان لەگەڵ ئێراندا دەبێت".

هوک، لە کۆتایی وتووێژەکەیدا ڕوونیشی کردەوە کە لەگەڵ عەرەبستانی سعودی و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بۆ پاراستنی جێگیربوونی نرخی نەوت، پاش دەستپێکی گەمارۆ نوێیەکانی سەر ئێران، ڕێککەوتوون.