کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هوک جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامی وەدرۆ خستەوە

10:45 - 16 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: برایان هوک سەبارەت بە دوایین چەواشەکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ تەحریمی کەرتی دەرمان و خۆراک لەلایەن ئامریکاوە، ئەم هەواڵەی وەدرۆ خستەوە و ڕایگەیاند کە تەحریمەکان، ئەم بەشە لەخۆ ناگرن.

برایان هووک نوێنەری هەمیشەیی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران ڕایگەیاندووە: ئامانجی تەحریم و گەمارۆکانی ئامریکا تەنیا "گۆڕینی هەڵسوکەوتی تێکدەرانە"ی کۆماری ئیسلامییە و ئەم تەحریمانە پرسە مرۆڤدۆستانەکانی وەک دەرمان و خواردن لەخۆ ناگرێت.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٥ی خەزەڵوەر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕوو لە خەڵکی ئێران ڕایگەیاند: سەرەڕای چەسپاندنی تەحریمی سەخت بەدژی ڕێژیم، فرۆشی خواردن و خۆراکەکان، دەرمان، کەلوپەلی پزیشکی و کاڵا کشتوکاڵییەکان بە ئێران "هیچ کات" تەحریم نەکراون و تەحریمیش ناکرێن.

وتوویشیتەی: جیا لەوەیکە لە ڕێبەری ڕێژیم بیستووتانە ئامریکا هیچ کات پرسە مرۆڤدۆستانەکانی نەکردووەتە ئامانج؛ ئێمە بەشانازییەوە لە تەنیشت خەڵکی ئێراندا ڕاوەستاوین و ئامانجمان کردەوە سەرکوتکارانەکانی کۆماری ئیسلامییە و ئەوەیکە بە خەڵکی ئێران دەوترێت تەنیا دانی زانیاری نادرووستە و دوورە لە ڕاستییەوە.

ئەم لێدوانەی هووک دوای ئەوە هاتوونەتە ئاراوە کە لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی چەندین جار ڕایانگەیاندبوو مەبەستی ئامریکا لە تەحریمەکان، لێدانی خەڵکی ئێرانە و ئەو بانکانەی تەحریم کردووە کە ڕۆڵی سەرەکییان لە دابینکردن و هاوردەکردنی خواردن و دەرمان دەگێڕا.

ئامریکا ڕۆژی دووشەممە خوولی دووهەمی تەحریمە سەختەکان، دژ بە کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند؛ لەبەرامبەردا ڕوحانی دژکردەوەی نیشان دا و وتی: "ئێمە تەحریمەکان دەشکێنین".