کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برنجکاڵانی سەحنە، زەرەرمەندی کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیمن

12:32 - 10 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: دۆزگەری شارستانی سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، بڕیاری لەنێوبردنی زەوییەکانی برنجی داوە.

سەمەدی، دۆزگەری شارستانی سەحنە، سەر بە پارێزگای کرماشان، لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە: ئەو برنجکاڵانەی کە لە شارستانی سەحنە برنجیان چاندووە، هەموو زەوی برنجەکەیان لەنێو دەبردرێت.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە سەحنە، هۆکاری دەرکردنی ئەو بڕیارەی بە کێشەی کەمئاوی لە پارێزگای کرماشان زانیوە و ئاماژەی بە بڕیاری وزارەتی جەهادی کشاوەرزی ڕێژیم کردووە، کە کشتوکاڵی برنجی لە ١٤ پارێزگای ئێران قەدەغە کردبوو.

ئەو بڕیارانە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، لە حاڵێکدایە، کە لە پارێزگای کرماشان، لە شارەکانی سەحنە و گێڵان و چەندین شاری دیکە، چەندین جیل بە برنجکاڵین بژیوی ژیانی خۆیان دابین کردووە.

شارستانی سەحنە زۆرتر لە ١٠٠٠ هێکتار، زەوی بۆ کشتوکاڵی برنجی هەیە، کە وەرزێرانی ئەو شارە، لەسەر ئەو بڕیارە تووشی زیانێکی گەورە دەبن و بەگشتی بە هۆی کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم و پرۆژە ئاوییە ناکارناسانەکان زەرەرمەند دەبن، کە بە گواستنەوەی ئاوی کوردستان بۆ ناوەندی ئێران و سازکردنی بەنداوی ناپێویست، ئەو ناوچانەیان تووشی کەمئاوی کردووە.

ئێستاش کە برنجکاڵان لە شاری سەحنە، برنجیان چاندووە و تێچووی زۆری بۆیان هەڵگرتووە و پاش کار و ماندوویەتییەکی زۆرەوە لەسەر زەوییەکانیان، بەرپرسانی ڕێژیم بەبێ ئەوی بیر لە دۆخی ژیانی برنجکاڵان بکەنەوە، بڕیاریان داوە کە زەوییەکانیان لەنێو ببەن و غەرامەیشیان بکەن.