کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا بۆ پاراستنی ئاسایشی ڕێڕەوی کەشتییەکانی، کەشتییەکی جەنگی تری ناردە کەنداو

19:24 - 7 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ناوشکێنی بریتانیایی( the HMS Duncan)گەیشتە کەنداو تا پێکەوە لەگەڵ کەشتییەکی دیکەی بریتانیاییدا بەشداری لە پاراستنی ڕێڕەوی هاتووچۆی کەشتییە بریتانیایەکاندا بکات.

ماڵپەڕی هەواڵی ڕووسیە توودەی لەمبارەوە ئاشکرای کردووە: ئەم هەڵوێستەی بریتانیا دوابەدوای دواکاریی ئەم وڵاتە دێت بۆ پێکهێنانی هێزێکی دەریایی هاوبەشی ئورووپایی لەبەرامبەر ئێراندا.

بەپێی ئەم هەواڵە کە ئەمڕۆ ٧ی گەلاوێژ بڵاو کراوەتەوە، کەشتییە بریتانیاییەکە ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە ناوچەکە تا هاوبەشی کەشتییەکی دیکەی بریتانیایی بە ناوی HMS Montrose بکات کە ئەرکی ئیسکۆرتکردنی کەشتییە بریتانیاییەکانە لە گەرووی هورموزدا.

ناردنی ئەم کەشتییە بریتانیاییە دوابەدوای ئەوە هاتۆتە ئاراوە کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکی بریتانیاییەوە گرت.

بریتانیا، کۆماریی ئیسلامی بەوە تۆمەتبار دەکات کە لەهەوڵی گواستنەوەی سووتەمەنی بۆ سوریەدا بووە کە بەمەش گەمارۆکانی ئورووپای لەسەر ئەو وڵاتە پێشێل کردووە.

ئاڵۆزییە ڕوو لەگەشەکانی ناوچەکە، ئامریکا و بریتانیای هێناوەتەسەر ئەو باوەڕەی کە داوای پێکهێنانی هێزێکی دەریایی فرەنەتەوە بکەن بۆ پاراستنی ڕێڕەوەکانی هاتووچۆی کەشتییە ڕۆژئاواییەکان؛ هەروەها لەندەن لە هەوڵی ئەوەدایە تاکوو وڵاتانی دیکەی ئورووپایی هان بدات بۆ بەشداریکردن لە پێکهێنانی هێزێکی دەریایی هاوبەشی ئورووپایی بۆ پاراستنی ناوچەکە.