کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی مەحکووم کرد

11:21 - 25 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی بریتانیا لە ڕاگەیێندراوێکدا، بە توندی هێرشی مووشەکیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی مەحکووم کرد.

وتەبێژی دەوڵەتی بریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا، هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران، بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات، کە ١٥ کەس شەهید و زیاتر لە ٤٠ کەس بریندار بوون و هەروەها دەسدرێژیی بۆ سەر کۆنسۆلخانەی ئامریکا لە بەسرە و بەغدادی بە توندی مەحکووم کرد.

هەروەها پێشتریش باڵوێزی بریتانیا لە عێراق، هێرشی مووشەکیی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات مەحکووم کردبوو و لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاندبوو: "ئەو هێرشە لە حاڵێکدا کراوە، کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد لە کۆیە لە کۆبوونەوەدا بوون و ئامانجی ڕێژیمی ئێران لەو هێرشە کوشتنی خەڵک بووە، کە بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکرێت. هەرچەند هەر وڵاتێک مافی پاراستنی خۆی هەیە، بەڵام ئەم کردەوەی ڕێژیمی ئێران بەرگری نەبووە، بەڵکوو هێرشی ئاشکرایە بۆ سەر وڵاتێکی دیکە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە ڕێژیمی ئێران ڕێز لە سەروەریی عێراق نەگرتووە و ئێمە بەو ئاکامە گەیشتووین، کە ئەو هێرشانە زۆر مەترسیدارن و بارودۆخی ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات".

لە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانان سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە درێژەی کردەوە تیرۆریستیانەکانیدا هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات ئەنجام دا و کە بە هۆیە ١٥ کەس شەهید و زیاتر لە ٤٠ کەس برینداربوون.