کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا: ئێران بۆ گوشاری دیپلۆماتیک کەڵک لە بارمتەکان وەردەگری

12:27 - 8 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی بریتانیا بە فەرمی کۆماری ئیسلامی بەوە تۆمەتبار کرد کە بەمەبەستی گوشارهێنان بۆسەر وڵاتانی دیکە کەڵکاژۆ لە بارمتەکان وەردەگرێ کە زەقترین نموونەی نازەنین زاغرییە.

جێرمی هانت وەزیری دەرەوەی بریتانیا کۆماری ئیسلامی بەوە تۆمەتبار کردووە کە نازەنین زاغری کارمەندی دامەزراوەی "تامسۆن ڕۆیتێرز"ی بەبارمتە گرتووە تاکوو گوشاری دیپلۆماتیک بۆ لەندەن بهێنێت.

ناوبراو لە وتوێژێکی ڕادیۆییدا کە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانبار ئەنجام دراوە باسی لەوە کردووە کە نازەنین تەنیا کەسێک نییە کە کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی گوشارهێنان کەڵکی لێوەردەگرێ بەڵکوو چەندین کەسی دیکەش هەن کە بە بێ‌تاوان لە زیندان ڕاگیراون.

جێرمی هانت وتوویەتی: ئەوان دەیانهەوێ دنیا ڕێزیان لێ بگرێت بەڵام بە بارمتەگرتنی ژنێک کە هیچ تاوانێکی نییە ڕێزی خۆیان کەم دەکەنەوە؛ من هیوادارم کە پێداچوونەوەیەک بە خۆیاندا بکەنەوە؛ وتوویشیەتی: ئێمە لەگەڵ زۆر وڵاتی جیهاندا کێشەمان هەیە بەڵام هیچ کام لەو وڵاتانە ئامادە نین مرۆڤی بێ‌تاوان بە بارمتە بگرن و بیکەنە ئامرازێک بۆ گوشارهێنان.

نازەنین زاغری کە هاووڵاتییەکی ئێرانی – بریتانیاییە لە بەهاری ساڵی ٢٠١٦وە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ سەرەونخوون کردنی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر و لە زیندان خراوە.