کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"بریتیش پێترۆڵیۆم"، هیچ پلانێکی لەمەڕ هاتوچۆی کەشتییەکانی بە گەرووی هورمۆزدا نییە

18:42 - 8 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: "بریتیش پێترۆلیۆم"، شیرکەتی نەوتیی بریتانیایی، دوابەدوای هەوڵی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی شیرکەتەکەی، ڕێگەی لە هاتوچۆی کەشتییەکانی بەو گەرووەدا گرتووە. 

بەپێی هەواڵێکی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" کە ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژ بڵاوکراوەتەوە، "برایان گیلڤاری"، بەرپرسی ئابووریی شیرکەتەکە ڕایگەیاندووە کە شیرکەتەکەیان هیچ بەرنامەیەکی هەنووکەیی لەمەڕ دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی نەوتکێشەکانی بە گەرووی هورمۆزدا نییە.

ناوبراو هەروەها وتیشی: "شیرکەتەکەمان لە گواستنەوەی نەوت بۆ دەرەوەی ناوچەکە لە ڕێگەی کەشتیگەلێکی کرێگرتەوە بەردەوامە".

لە سەرەتاکانی مانگی ژوئییەدا، سێ کەشتیی ئێرانی هەوڵی ڕێگریکردنی هاتوچۆی نەوتکێشێکی شیرکەتی "بریتیش پێترۆلیۆمیان" دا، بەڵام دوابەدوای ئاگادارکردنەوەیان لە لایەن کەشتییەکی جەنگیی بریتانیاییەوە، کشانەوە.

دوابەدوای دەستبەسەرداگرتنی نەوتکێشێکی بریتانیایی لە لایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، ئاڵۆزییەکانی نێوان بریتانیا و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەم مانگی ژوئییەدا بەرەو هەڵکشان ڕۆیشتووە.

هەروەها پێشتریش، هێزەکانی بریتانیا لە "جەبەل تاریق"دا، دەستیان بەسەر نەوتکێشێکی ڕێژیمی ئێراندا گرت.