کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برێکزیت (Brexit) و سیاسەتی دەرەوەی بریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست!!

12:12 - 19 سەرماوەز 2718

ئەلبۆرز ڕووئین‌تەن

دوای هاتنە سەر کاری حیزبی پارێزگارانی بریتانیا بە سەرۆکایەتی دەیڤید کامێرۆن لە ساڵی ٢٠١٥، دانوستاندن لە نێوان بریتانیا و یەکیەتی ئەورووپا بۆ هەموارکردنەوەی هەندێک سیاسەتی وەک پەنابەران و سیاسەتی ئابووری و یاسایی ئەو یەکیەتییە لە گەڵ بریتانیا دەستی پێکرد. سەرەڕای ئەو دانوستاندنانە و دژایەتی هەردوو حیزبی گەورەی بریتانیا بۆ دەرچوون لە یەکیەتی ئەورووپا، گشتپرسییەک لە ٢٣ی  ژوئەنی ٢٠١٦ی زایینی ئەنجام درا و خەڵکی بریتانیا دەنگی بە ئەرێ بۆ دەرچوون لە یەکیەتی ئەورووپا دا و نزیکەی ٥٢ لە سەدی دەنگەکانی بە دەست هێنا.

 ئەو گشتپرسییە سەرەتای باس و خواستێکی زۆر لە نێو یەکیەتی ئەورووپا و بریتانیا بوو، چونکە بڕیارێکی وا زۆر ئاسان نەبوو؛ زۆر گۆڕانکاری بە دوای خۆیدا دەهێنا، هەر ئەو بابەتەش بووە هۆی ئەوەیکە دەیڤید کامێرۆنی سەرۆکوەزیران دەست لە کاربکێشێتەوە تێرێزا مەی وەزیری دارایی بریتانیا وەک سەرۆکوەزیران دیاری بکرێت. خانمی مەی دوای گفتوگۆ و ڕاوێژێکی زۆر، گەڵاڵەی جودابوونەوەی لە یەکیەتی ئەورووپا لە حەفتەی ڕابردوودا ئامادە کرد و لە لایەن دەوڵەتەوە پەسەند کرا، کە ناڕەزایەتی نێوخۆیی تەنانەت لە نێو حیزبەکەی لێکەوتەوە بەڵام وەک سەرەتای ڕێککەوتن لە گەڵ یەکیەتی ئەورووپا بۆ ئەنجامی دانوستاندن لە سەر دەرچوونی بریتانیا لە یەکیەتی ئەورووپا کە بە بڕێکزیت (Brexit) ناسراوە هەژمار دەکرێت.

بێگومان دەرچوونی بریتانیا لە یەکیەتی ئەورووپا زۆر گۆڕانکاری لە زۆر بواری جیادا بۆ هەردوو لایەن بە دوای خۆیدا دێنێت؛ باس کردنی هەمووی ئەوانە لە بابەتێکی وادا ناگونجێت، ئەوەی زیاتر بۆ ئێمە گرنگی هەیە کاریگەری بڕێکزیت لە سەرسیاسەتی دەرەوەی بریتانیا لە ناوچە و بەتایبەتی بە نیسبەت ئێرانە، کە پێوەستی لێوردبونەوەیە چونکە ئەوەی زیاتر تا ئێستا باو بووە بریتانیا سیاسەتەکانی بە نیسبەت ئێران لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکیەتی ئەورووپا لە گەڵ ئێراندا دیاری کردووە، تەنانەت ئەو بابەتە هەندێک جار گرفتیشی دروست کردووە بۆ بریتانیا بە تایبەت بە نیسبەت هاوپەیمانی دێرینەی ئەمریکا کە جیاواز لە ئەورووپا بۆ گرفتەکان دەڕوانن؛ باشترین نمونەی ئەو سیاسەتانەی ڕێککەوتنی "برجام" بوو، کاتێک ئەمریکا لە بەرجام هاتەدەر، بریتانیا هەڵوێستێکی وەک وڵاتە ئەورووپییەکان بە تایبەتی ئەڵمان و فەرانسەی گرتە بەر.

بریتانیایی دەرەوەی یەکیەتی ئەورووپا لە گەڵ بریتانیای نێو یەکیتی ئەورووپا بێ گومان جیاواز دەبێت هەرچەند پێشبینی وردی ئەو جیاوازییانە زۆر ڕوون نین بەڵام بە چاوخشاندنێک بە مێژووی بریتانیا هەبوونی ڕۆڵی بەرچاوی لە سیاسەتی جیهانی و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەتوانێ خاڵێکی وەرچەرخان بێت.

ئەو سناریۆیانەی کە کەم و زۆر باسی لێوەدەکرێت ئەوانەن کە بریتانیا دوای هاتنەدەر لە یەکیەتی ئەورووپا زیاتر بەرەو چالاک بوون لە ناوچەدا دەڕوات کە ئەو چالاک بوونە دەتوانێ بە لایەنی لایەنگری لە رێژیمی ئێستای ئێراندا یا بە پێچەوانە بشکێتەوە.

دوای ئەوەیکە بریتانیا ببێتە خاوەن سیاسەتی تایبەتی خۆی لە ناوچە، کێبڕکێیەکی زیاتر لە نێوان ئەورووپا بۆ هێشتنەوەی هێژمۆنی خۆی و بریتانیا کە دەیهەوێ هەر وەک لە مێژوودا بووە کاریگەر بێت هەروەها ئەمریکا دروست دەبێت. ئێران دەتوانێ لەو کێبرکێیە بە پێدانی ئیمتیازی زۆرتر بۆ هەر یەک لەوانە پەیوەندییەکی توندوتۆڵتر لەگەڵ بریتانیا دروست بکات، هەر ئەو جۆرە تێفکرینە بووە هۆی خۆشحاڵی ئێران دوای دەنگی ئەرێ بۆ بڕێکزیت، تویتی حەمید ئەبوتالبی جێگری سیاسی دەفتەری سەرکۆماری ڕوحانی،  دوای گشتپرسی کە گووتبوی "هاتنە دەری بریتانیا دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئێران" لە دەگمەن دەربڕینی خۆشحاڵی بوو لە ئاستی دونیا سەبارەت بە دەرچوونی بریتانیا لە یەکیەتی ئەورووپا.

بۆریس جانسۆن وەزیری دەرەوەی تێرێزا مەی و یەکێک لە لایەنگرە سەرسەختەکانی بڕێکزیت دوای گشتپرسی لە ساڵی ٢٠١٦ لە کۆنفڕانسێکدا و لە وڵامی پرسیاری ئەوەی کاریگەری بڕێکزیت لە سەر ئێران چی دەبێت؟ گووتبووی کە بڕێکزیت دەبێتە هۆی زیادبوونی بازرگانی لە گەڵ ئێران کە ئەو بابەتەی بە پۆزەتیڤ لە قەڵەم دابوو.

گریمانەی ڕاست دەرچوونی ئەو سناریۆیە یەکجار زۆریش نییە، چونکە بەپێچەوانەی ئەو سناریۆیە بەشێکی بەرچاوی ڕوانگەکان بۆ ئەوەی لە دوای بڕێکزیت بریتانیا و ئەمریکا زیاتر لێک نزیکتر دەبن و سیاسەتیان لە ناوچەدا زیاتر هەماهەنگ دەبێت هەیە، دوای هاودەنگ بوونی ئەو دو وڵاتە لە سیاسەتی ناوچە دەبێتە هۆی لاوازبوونی سیاسەتی لایەنگری ئێرانی  ئەورووپا لە ناوچەدا، بەتایبەتی کە بریتانیا یەکێک لە وڵاتانی خاوەن ڤێتۆیە لە نەتەوە یەکگرتوەکان کە هیچ ناچارییەک نابینێ تا هاودەنگی ئەورووپا بێت.

هەر لە دوای گشتپرسی ئۆباما سەرکۆماری ئەو کاتی ئەمریکا بریتانیای دڵنیا کردەوە کە "پەیوەندی تایبەتی" ئەمریکا و بریتانیا بەردەوام و بەهێزتر دەبن.

هەرچەند ترامپ لە دوایین لێدوانی خۆی سەبارەت بە گەڵاڵەی تێرێزا مەی بۆ ڕێککەوتنی بڕێکزیت نیگەرانی خۆی دەربڕیبوو کە ئەو گەڵاڵەیە بۆ ئەورووپا زۆر باشە بەڵام کاریگەری لە سەر بازرگانی نێوان ئەمریکا و بریتانیا دەبێت کە نیگەرانی لای سەرۆک کۆماری بازرگان دروست کردووە بەڵام لە کۆتاییدا لە ئاست سیاسیدا دوورکەوتنەوەی دۆستی لە یەکیەتی ئەورووپا دەبێتە هۆی لاوازی یەکیەتی ئەورووپا ئەوەش دەتوانێ بەپێچەوانەی ویستی کۆماری ئیسلامی بۆ دروست کردنی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ بریتانیا لێبکەوێتەوە.

نیشانە سەرەتاییەکان لەو ئاراستەیەدان؛ کام سناریۆ لە داهاتووی بڕێکزیت ڕوو دەدات یا نە داهاتوو نیشان دەدات و لە ئێستادا زۆر ڕوون نییە چونکە سەرکەوتنی گفتوگۆکانی بڕێکزیتیش لە گەڵ ئەورووپا لە دۆخی ئێستادا زۆر ڕوون نییە، دەنگی زۆر جیاواز لە نێو بریتانیا و دونیا هەیە، بەڵام ئەوەی ڕوونە بریتانیا دوای بڕێکزیت گٶڕانکاری لە سیاسەتی خۆیدا دەکات کە کاریگەری لە ناوچە و بەتایبەتی لەگەڵ ئێرانیش دەبێت، ئەو گۆڕانکارییانە بەنیسبەت ئێمەی کوردە پۆزەتیڤ دەبێت یان نا نادیارە بەڵام بە هەبوونی کاریگەری بریتانیا لە ناوچە و سیاسەتی جیهانی دەبێ زیاتر سەرنجی پێ بدرێت.