کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی سەردانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی کرد

12:29 - 1 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی پشتیوانی و هاوپێوەندی خۆی لە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاشنیوەرۆی رۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی شاندێکی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی بە سەرپەرستی دکتور مووسا کەڤال سەرۆکی بزاڤ، سەردانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانیان لە شاری هەولێر کرد و لە لایەن هەیئەتێکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی پێنج حیزبی پێکهێنەری ناوەندی هاوکاری بە سەرپەرستی کاک محمد نەزیف قادری بەرپرسی دەورەیی ناوندەکە پێشوازییان لێکرا.

سەرەتای دیدارەکە دکتور مووسا و ئەندامانی شاندی بزاڤ وێڕای هاوخەمی بە پەرۆشبوونی خۆیان بۆ ئەو شەهید و بریندارانەی کە بە هۆی مووشەکبارانی رێژیمی ئێرانەوە بوونە قوربانی، دەربڕی؛پاشان مەبەستی خۆیان لە سەردانەکە بۆ دوو بابەت گەڕاندەوە کە یەکەمیان پێدانی زانیاری لەسەر ناوەرۆک و ئامانجەکانی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی وەک دامەزراوەیەکی هزری و روناکبیری لەپێناو دابینکردن و بەهێزکردنی گیانی ئاشتەوایی و لێبوردەیی نێوان لایەنە سیاسییەکان وهەوڵدان بۆ یەکڕیزی و ئاشتی لە نێو کۆمەڵگای کوردستان خەبات دەکا و بۆ ئەو مەبەستەش دەیهەوێ بە دامەزراندنی پێوەندی و هاوکاری لەگەل ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران مەیدانی کارەکانی بەرفروانتر بکات. 

دووهەم بابەت، پیرۆزباییان سەبارەت بە پێکهێنانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بوو کە ئەم یەکیەتی و کاری هاوبەشی نێوان حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان، بە نموونە و کارێکی گرینگ و جێگای بایەخ لەقەڵەم دا و پێداگرییان لەسەر پاراستن و بەرینترکردنی ئەم ناوەندە کردەوە.

لە لایەن کاک محمد نەزیف قادری و هەرکام لە ئەندامانی ناوەندی هاوکاریشەوە وێڕای بەخێرهێنان و سوپاسی هاوسۆزی و هەڵوێستی شاندی بزاڤی ئاشتی بۆ جووڵانەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان، وێڕای پێدانی کورتەیەک زانیاری لەسەر ئامانج و بنەمای دامەزرانی ناوەندی هاوکاری کە لە پێناو خزمەت بە دۆزی رەوای گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و خۆئامادە کردنیان بۆ رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هەر ئەگەر و گۆڕانکارییەک کە لە داهاتوودا لە ناو ئێران بێتە ئاراوە، دامەزراوە و هەوڵی بەرینترکردن و بەشداری پێکردنی سەرجەم ئەو لایەنە خەباتکار و دەروەستانەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەدەین کە بڕوایان بە ئامانجەکانی ئەم ناوەندە وەک داکۆکیکاری مافی نەتەوەیی و دێموکراسی و بەها مرۆڤییەکان و چارەنووسی گەلەکەمانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەبێ، دەدەین. 

لە کۆتایی دیدارەکەدا دوو لایەن پێداگرییان لە سەر بەردەوامی پێوەندی و هاوکاری دووقۆڵی نێوانیان کردەوە.