کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلیتی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی ئیلام لە ڕادەبەدەر گرانە

13:08 - 15 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: نرخی بلیتی فڕۆکە لە شاری ئیلامەوە بۆ تاران ٥٠٠ هەزار تمەنە، کە لە چاو بلیتی فڕۆکە بۆ سەفەرێکی دەرەوەی وڵاتی فڕۆکەخانەیەکی وەک تاران زۆر گرانترە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی گەلاوێژ، هەواڵدەریی "خەبرنگارانی جەوانـ"ی سەر بە ڕێژیم بڵاوی کردەوە،  بلیتی فرۆکەخانەی شاری ئیلام لە ڕادەبەدەر گرانە و ئەمەش ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتووەتەوە و بەرپرسانی ڕێژیمیش وەڵامدەری داواکاری و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک نین.

ڕەزا پەسەند" هاووڵاتی خەڵکی شاری ئیلام لەم بارەوە گوتوویەتی: "بۆ ئەنجامدانی سەفەرێک بۆ تاران لە ڕێگای فڕۆکەوە دەبێت ٥٠٠ هەزار تمەن بدەین، دابینکردنی ئەم بڕە پارەیەش بۆ هاووڵاتییانی شاری ئیلام دژوارە و ئەسڵەن دوورە لە تواناییە ماڵییەکانمان".

هاووڵاتییەکی دیکەی شاری ئیلام ڕایگەیاندووە: "لە شارەکانی دیکەدا، کێشەیەکی لەم چەشنە بەرچاو ناکەوێت و بوونی ئەم کێشەیە لە شاری ئیلامدا بۆ نابەرپرسایەتی بەرپرسەکانی دەگەڕێتەوە".

بەرپرسانی ڕێژیم هۆکاری گرانبوونی بلیتی فڕۆکەی ئەم فڕۆکەخانەیان بۆ بوونی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی عێراقی دەگێڕنەوە، کە ئەمەش زیاتر وەکوو پاساوێک دەردەکەوێت و دەیانهەوێت بەم بیانووانە گەندەڵی و نابەرپرسایەتییەکانی خۆیان پەردەپۆش بکەن.

پارێزگای ئیلام، یەكێک لە پەراوێزخراوترین پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە کە لەگەڵ کەمیی خزمەتگوزاری، هەژاری و بێکارییەوە بەرەوڕوویه.