کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنکەکانی "حەشدی شەعبی" بۆردوومان دەکرێن

12:24 - 30 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بنکە و بارەگاکانی "حەشدی شەعبی"، سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە پارێزگای سەلاحەدین کرایە ئامانج و تەقینەوەی گەورەی تێدا ڕووی دا.

ڕۆژنامەی "هائارێتز"ی سەر بە ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە: "یەکێک لە بنکەکانی حەشدی شەعبی کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتییان لێ دەکرێت، کرایە ئامانجی هەوایی و زیانێکی زۆر بەر ئەو بنکەیەی حەشدی شەعبی کەوتووە".

ئەو بنکەیە لە پارێزگای سەلاحەددین هەڵکەوتووە.

بەرپرسێکی نیزامیی عێراق باسی لەوە کردووە: "ئەو ناوچانەی کە لە نزیک پایگای بەلەد کراونەتە ئامانج و تەقێندراونەتەوە، لە دەستی حەشدی شەعبیدا بووە".

پایگای هەوایی "بەلەد"، شوێنی هێزەکانی ئامریکا و گرێبەستکارانی ئامریکایە کە لە نزیک ٨٠ کیلۆمیتریی باکووری بەغدا هەڵکەوتووە.

گرووپێکی حەشدی شەعبی کە سەر بە ئێرانە، لە نزیک ئەو شوێنەدا هەڵکەوتووه.

میدیاکانی عێراق باسیان لەوە کردووە کە لەو هێرشەدا، حەشدی شەعبی خەسارێکی زۆری بەرکەوتووە و لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەدا، چەکوچۆڵێکی زۆر، بەتایبەت مووشەک، تەقیوەتەوە.

حەوتووی ڕابردوو، وەزارەتی دەوڵەتی عێراق ڕایگەیاند: "لە تەقینەوەیەکدا کە لە ئەنباری تەقەمەنییەکی نزیک لە بەغدا ڕووی دا، ١٣ کەس بریندار بوون".

بنکە و پایگاکانی حەشدی شەعبی بەردەوام لە لایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە دەکرێنە ئامانج.

لەم پەیوەندییەدا ئیسرائیل بە فەرمی ڕایگەیاندووە: "ئەو گرووپانەی کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانییان لێ دەکات، لە هیچ شوێنێکدا لە ئەمنییەتدا نابن". کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانیش هەڕەشە دەکەن کە وڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل دەدەنەوە.

ئیسرائیل بوونی ئێران و بەهێزکردنی حیزبوڵڵا و باقیی گرووپەکانی سەر بە ئێران، بە هەڕەشەیەک بۆ سەر خاکی خۆی دەزانێت.