کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنکەیەکی هێزە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بوردومان کرا

13:55 - 18 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بنکەیەکی هێزە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە لایەن فڕۆکەگەلێکی نەناسراوەوە لە سووریە هێرشی کرایە سەر.

بەپێی هەواڵی بڵاوکراو لە هەواڵدەریی "فاکس نیووز"دا ، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی خەرماناندا، چەند فڕۆکەیەکی نەناسراو، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی هێزە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە نزیکی سنووری عێراق لە سووریە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی بڵاوکراو، پاش ڕوودانی سێ تەقینەوە لەو بنکەیەی حەشدی شەعبی، چەندین کوژراو لەو هێرشە بەجێماون.

لە ماوەی ڕابردوودا، بە شێوەی بەربڵاو بنکەکانی "حەشدی شەعبی" لە خاکی عێراقدا کراونەتە ئامانج.

دیدەبانی مافی مرۆڤ لە سووریە ڕایگەیاندووە، کە چەند بنکەی "جونبشی ئەبداڵ، حەیدەرییوون و حیزبوڵڵای عێراق" لە ناوچەی "ئەبووکەماڵ"، لە باشووری ڕۆژئاوای سووریەدا بوردومان کراون.

ئەم بنکانەی حەشدی شەعبی، بە ڕەزامەندیی سووریە لە ناوچەیەکی نێوان سووریە و عێراقدا بە سەرپەرەستیی ڕێژیمی ئێران دامەزراون.

تا ئێستا هیچ وڵاتێک ئەو هێرشانەی لە ئەستۆ نەگرتووە.