کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵە تەکسەرپەرەستەکانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان

12:52 - 29 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بنەماڵە تەکسەرپەرەستەکان و بەتایبەت ئەو بنەماڵانەی کە ژن سەرپەرەستی بنەماڵەیە لە ئێراندا، لەژێر هێڵی هەژاریدان.

"محەممەد شەریعەتمەداری"، وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی وتوویەتی: "بە چەندین میلیارد تمەن بودجەمان بۆ چارەسەرکردنی هەژاریی بنەماڵە تەکسەرپەرەستەکان و بەتایبەت ئەو بنەماڵانەی کە سەرپەرەستیان ژنە و لەژێر هێڵی هەژاریدان دیاری کردووە، بەڵام گەشەی هەڵاوسان، ئەو سەرچاوانە بێ ئاکام دەکات".

ناوبراو لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی ژنانی مەجلیسی ڕێژیم سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی سەرپەرەستی بنەماڵە، کەمئەندامان و کرێکاران و منداڵانی کار، باسی لە ئامارێک کردووە کە هیوابەخش نین.

"شەریعەتمەداری" وتوویەتی: "دابینکردنی بودجە بۆ چارەسەرکردنی هەژاری، لە ٧ هەزار میلیاردەوە بۆ ٨ هەزار و ٤٠٠ میلیارد هەڵکشاوە، بەڵام هەڵکشانی هەڵاوسانی تا ٧٠ لەسەد، بەشێکی زۆر لە سەرچاوە داراییە دیاریکراوەکان دەکات بە دووکەڵ".

هەژاری و بێکاری و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، تەنانەت بۆ ئەو بنەماڵانەی کە لەژێر خەتی هەژاریدان، دەبنە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک لێکەوتەی نەخوازراوی دیکە، کە بەرپرسان و کاردبەدەستانی ڕێژیم، تەنیا لە ئاستی قسەدا و بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک گرینگی بەو بابەتە دەدەن.