کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی حاجی مەلا "محەمەد ئیمامی" سپاسنامەیەکیان ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە

17:15 - 10 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بنەماڵەی حاجی مەلا "محەمەد ئیمامی" سپاسی کەسایەتییەکان، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و دامەزراوە مەدەنییەکان چ لە تاراوگە چ لە نێوخۆ و لایەنە ئیسلامییەکانیان کرد کە هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ کۆچی دوایی ئەو کەسایەتییە ئایینی و نیشتمانپەروەرەوە دەربڕی.

دەقی سپاسنامەکە:

بە ناوی مەزن یەزدانی دڵئاوای دڵۆڤان

سپاس و پێزانین

 ھاووڵاتیان، ھاوڕێیان و خۆشەویستانی مامۆستای کۆچ کردوو، ئێمە وەک بنەماڵەی خودا لێ خۆش بوو؛ حاجی مامۆستا مەلا "محەمەد ئیمامی" خۆمان بە بەختەوەر دەزانین خاوەنداریەتی پرسەی کەڵە پیاوێکمان کرد کە مێژووی کورد ھەرگیز لە بیری ناکات، چون مامۆستا ھەڵگری نزیک سەدەیەک مێژووی تاڵ و دژوار بەڵام پڕ سەروەریی نەتەوەکەی بوو، کەسێک کە سەرقافڵەی کاروانێک لە مامۆستایانی ئایینی بوو کە شانیان دابووە بەر قورسایی شۆڕش و خەباتی نەتەوەیی کورد لەم بەشەی کوردستاندا.

دیارە مامۆستا لە تەمەنی پڕ سەروەریاندا سەرەڕای ئەوەیکە وەک مامۆستایەکی ژیری ئایینی ھێمای ئەخلاق و ڕەوشتی پیرۆزی ئیسلام بوو، شۆڕشگێرێکی خەمخۆری نەتەوەکەشی بوو، حاجی مامۆستا ھەرگیز لەسەر بیرە نەتەوایەتی و ئاینیەکەی سەودای نەکرد، ھەر بۆیە و لە سەر ئەو بڕوا پیرۆزە لە دوو قۆناغی مێژوویی گەلەکەی لە ژێر گوشاردا ژیانی بە سەر برد و لە ئامانجە پیرۆزەکانی پاشگەز نەبۆوە.

مامۆستا یادگار و ئەندام و تێکۆشەری کۆمەڵەی ژێکاف، کۆماری پیرۆزی کوردستان و ساڵە دژوارەکانی شۆڕشی  ٥٧ی گەلانی ئێران و ساڵە تاڵ و سەختەکانی پاش تێکچوونی پەھلەوی و شۆڕشی نوێی گەلەکەی بوو.

ئەگەرچی وەک مامۆستایەکی سەرکەوتووی ئایینی لە مەیدان دابوو بەڵام ئەوەیکە بوو بە ھۆی ئەوە کە ببێتە خۆشەویستی گەلەکەی و ناوی لە مێژووی ئەم نیشتمانەدا بە ڕەنگی زێڕین تۆمار بکرێ؛ خەمخۆری بۆ کێشە نەتەوایەتیەکان و نۆێخۆازیی ئیسلامی لەسەر میحوەری ئەخلاق و مرۆڤ دوستی و دژایەتی لە گەڵ خورافەپەرەستی، و ئەو ئەرکانە بوون کە لە مەیدانی شۆڕشی نەتەوەییدا گێڕای.

ھەر بۆیەش ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردن و پرسەکەی بە شکۆیەکی تایبەتەوە بەڕێوە چوو و خەڵکی ئەمەگناسی ئەم وڵاتە لەم ڕێوڕەسمەدا وەفاداریی خۆیان سەلماند و پەیمانیان لەگەڵ ئەو کەسانە نوێ کردەوە کە بە ڕێبازی مامۆستای کۆچکردوو و کەڵە پیاوانی وەک ئەودا دەڕۆن.

ئێمە وەک بنەماڵەی حاجی مامۆستا، ئەوپەڕی سپاس و پێزانینمان بۆ خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان کە بە خەمخۆرییەکی تایبەتەوە لەگەڵمان شانیان دا بەر ئەم خەمە قورسە، دەکەین و دەستی میھرەبانی ئەو کەسایەتیە نەتەوەیی و ئایینیانە دەکوشین کە ھاوخەمیان دەربڕی و بە پەژارەوە پەیامیان ئاراستە کرد.

سپاسی کەسایەتییەکان و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و دامەزراوە مەدەنیانە چ لە تاراوگە چ لە نێوخۆ و لایەنە ئیسلامییەکان دەکەین کە ھاوڕێمان بوون و پەیام و بروسکەیان نارد و دەستی میھرەبانی بەڕێز مەسعوود بارزانی دەکوشین کە ئێمەی لە ڕۆژهەڵاتدا لەم ڕۆژە تاڵەدا لە بیر نەکرد و ھاوخەممان بوو.

ھیوامان وایە ڕێی مامۆستای کۆچکردوو پڕ ڕێبوار بێت و قەت دایکی نیشتمان بە کەساسی بۆ تازیەی ڕۆڵە بە ئەمەگەکانی دانەنیشێت.

بە سپاسەوە بنەماڵەی حاجی مامۆستا مەلا محەمەدی ئیمامی