کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی شا و پاوشاكانی ساسانی كوردن؟!

10:24 - 3 رەشەمه 2718

پەیجور و پێداھاتنەوە: ھادی عەزیزی كوردی

لە پێشدا

مێژوو، مەكۆ و سەكۆی ڕابوون و ھەستانەوەی ھەموو نەتەوەیەكە كە ھەم بۆ وانەوەرگرتن دەبێت و ھەمیش بوونی نەتەوە لە ڕابردوودا دەسەلمێنێ، كە ھەبوونی مێژوو كە مێژووی زمان و كلتووریش لە خۆیدا كۆدەكاتەوە، جوگرافیای نەتەوەیی و سیاسیش دەسەلمێنێ.

ڕەنگە زۆر كەس بڵێ چ گرینگییەكی ھەیە كە بنەماڵەی ساسانی كورد بووبێتن یان نا؟ وڵامی ھەرەگونجاو بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە كە ئەگەر كورد بن و بسەلمێندرێ گرینگە، چوونكە ھەبوونمان لە مێژوودا دەسەلمێ و پێش بە ناڕەوایی و ناحەقییەك دەگرین كە دەیانھەوێ نەبوونی خۆیان لە سەر بوونی ئێمە بكەن بە ھەبوون.

بەڵگەكان چین بۆ ڕاستكردنەوەی تۆرەمە و نەژادی ساسانییەكان كە كوردن؟

١.ئەردەشێر كە بە ئەردەشێری پاپەكان یان بابەكان ناسراوە، كوڕی بابەك ـە كە باوكی دەڵێن یەكێك لە پێشەوا ئایینییەکانی پەرستگە یان مەزداگاتا(مزگەوت)ــی ئاناھیتایە و ئاناھیتاش لە شاری كەنگاوەری نزیك كرماشان ھەڵكەوتووە.

٢.لە نامەكەی ئەردەوانی پێنجەمدا كە بۆ ئەردەشێری ساسانی نووسیوە، پێی دەڵێ كوردی شوانكارە و شوانكارەش عەشیرەتێكی كوردی گۆرانن كە ئێستا تا نزیك شیراز بوونیان ھەیە و ھەر ماون.

٣.لە ''تاریخ ملوك شوانكارە''دا، ھاتووە كە تۆرەمەیان دەچێتەوە سەر یەزگردی كوڕی شەھریاری كوڕی خەسرەوی كوڕی ھورموزی كوڕی نەوشێراونی كوڕی قوباد.

٤.لە مجمع الانسابدا دەڵێ: شوانكارە بۆ كاری شوانییەتی ھاتوونەتە ناوچەكانی فارس و بە تۆرەمە كوردن.

٥.ابن بلخی لە فارسنامەدا دەڵێ: ئەوانە كوردی شوانكارەن و لە زێدی خۆیان ھەڵھاتبوون و ھاتبوونە ئەو ناوچانە و ئیسماعیلییەكانیش ھەمووی لە ئەوانەن. ئەردەشێر لە كوردەكانی شوانكارەیە.

٦.شوێنی نیشتەجێبوونی شوانكارەكان لە كۆنەوە فیرووزئاباد بووە كە لە كۆندا ناوی گۆڕ بووە و لە سەردەمی عضدالدوله ـی دەیلەمی ناوی بۆ فیرووزئاباد گۆڕا، كە كۆشكی ئەردەشێر لەو شوێنەیە و بە ئێستاشەوە ناوچەكە كوردنشینە.

٧.لۆكۆنین لە مێژووی ئێراندا چاپی كومبریج دەڵێ: پاشاكانی ساسانی لە ناو و تۆرەمەی ھەخامەنشی وەڕەز بوون و خۆیان بە تیرەی كیاكان دەخوێندەوە و حەزیان لێبووە پێشگری كەی ــیان بە ناوەكانیانەوە بلكێندرێ و وەك لە تاریخ ملوك شوانكارەدا باسیان كراوە، نەوەی قوباد یان كەیقوبادن، كە دەچنەوە سەر ڕەچەڵەكی كورد.

٨.لە ئێستادا دوو عەشیرەتی گەورەی غەزەنفەری و ساسانی پاشماوەی كوردەكانی شوانكارەن.

٩.ناوی ئەسپەكەی خەسرەوپەروێز، شەودێز بووە كە تاقوەسانی كرماشان كە پەیكەری بەردینەی خەسرەوپەروێزی لە ئامێز گرتووە، زۆر جار بە تاقی شەودێز ناو دەبردرێ.

وشەی دێز تەنیا لە زمانی كوردیدا بە كار دێت و بۆ ڕەنگێكی مەیلەو ڕەش و بۆرێكی توند بە كاری دەبەن، كە فیردەوسی لە شاھنامەدا ناوی شەودێزی ھێناوە.

١٠.خالد بن فياض لە گێڕانەوەیەكی كۆندا باسی چۆنییەتی مردنی شەودێزی كردووە.

١١.ابن خلكان مێژوونووس و ئەدیب و دادوەری گەورەی كورد تۆرەمەی خۆی بۆ یەحیا كوڕی خالیدی بەرمەكی گەڕاندووەتەوە و ھەمیشە ویستوویەتی ڕەچەڵەكی خۆی بپارێزێت. ئیبنی خەلەكان لە گوندی خەلەكانی سەر بە شاری كۆیە لە دایك بووە و بەرمەكییەكانیش بە زۆرینە لە دایكبووی كوردستان و بە تایبەت وەك ھەولێر ناویان ھاتووە، كە بەرمەكی باپیریان لە مێژووی عەرەبدا بە مەجووسی ناسراوە كە ئەمە نازناوی زەردەشتییەكان بووە لە سەردەمی ھاتنی ئیسلامدا.

"عبدالرحيم كلانتر ضرابی" لە كتێبی تاریخی كاشان و "محمدتقی سپھركاشانی" لە ناسخ‌التواریخ ـدا، بەم شێوەیە باسی ڕەچەڵەكی كوردە بەرمەكییەكان دەكەن.

خالیدی كوڕی بەرمەك كە ناوی ڕاستەقینەی بەرمەك قوبادە و قوباد كوڕی خۆرانشایە كە بە گشتاسپ ناسراوە و ئەویش كوڕی ئەردەوان شایە كە بە جاماسپ ناسراو بووە، ئەویش كوڕی ھورموزی چوارەمە كە ئەویش كوڕی ئەنوشێروانی ساسانییە.

١٢."جمشید صداقت كيشه" لە كتێبی كوردانی كرمان و فارس(ناوچە) دا دەڵێ: ناوەندی حكوومەتی ساسانی ڕەمەیەك بووە كە ھەمووی كوردی شوانكارە بوون.

١٣.زەردەشتی خۆرەگان كە ھەر بەم ناوە وەك زەردەشتی دووھەم لە سەردەمی ساسانیدا دەركەوتووە، پاشناوی خۆرەگانی بۆ خۆی ھەڵبژاردووە كە وەك واتای ھەتاوەكان ھەتا ئەم چركەیەش لە ھەموو دەوروپشتی زاگرۆسدا بە كاری دێنن.

١٤.ھەندێك سەرچاوە دەیانھەوێ زمانی پاڵەیی بە فارسەوە گرێ بدەن و لە ھەمووی خراپتر پێگەی گوندی بەڵخەی ھەورامانیان بە بەلخ لە باكووری ئەفغانستانی ئێستا گۆڕیوەتەوە كە بە سەرنجدان بە تەنانەت دوایین شەڕەكانی ساسانییەكان و مێژووی ھاتنی عەرەب بۆ كوردستان لە "الكامل ابن الاثير" و "فتوح البلدان" ــی البلاذري ـدا، ھەبوونی ھەموو شەڕەكان لە ناو كوردستاندا دەسەلمێ.

لە كۆتاییدا دەتوانین بڵێین سەرەڕای ئەوەیكە نەتەوەی كورد ھەتا ئێستاش خاوەنی ھیچ كیانێك نییە كە خۆی بڕیار لە سەر خۆی بدا، بەڵام گەلێك درەفەت و ڕێكار و سەرچاوەی جیا لە كوردیش ھەن كە نەتەوەكەمان خۆی بسەلمێنێت. لە سەردەمی "بنی امیە" و بەتایبەتی "حجاج بن یوسف" ھەموو زمان و كتێب و كلتوورەكان تەعریب كران و دواتر كە عەباسییەكان ھاتنە سەر دەسەڵات، بە ھۆی ھەبوونی كوردان لە دەسەڵاتدا ھەتا ئاستی وەزیری گەورە و دەسەڵاتدار، ڕەوشی نووسین باشتر بووەتەوە و ھەر لەو سەردەمانەشدا كەسانێكی وەك "ئەبوو حەنیفەی دینەوەری" لە كورددا ھەڵكەوتن كە بە ئاشكرا باسی خۆیان بكەن.

لەسەردەمی بنی امیە زۆر كتێبی دیكەی كوردان سووتێندران و لە ناوچوون، بۆ نموونە وشەی دیپ و دبیرەی ھەورامی و پاڵەیی و كوردی كۆن لە ئەو سەردەمەدا چووە ناو زمانەكەیانەوە و وشەگەلێكی وەك ادب و ادیب و ادبا و مودب ــیان لێ درووست كرد، چوونكە ئەوان پێشتر ئەم جۆرە وشانەیان نەبوو، دەنا بۆ یەك جاریش با لە كتێبی موسوڵماناندا وشەی ادب بە كاردەھات.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.