کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به‌شداری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له‌ كۆڕێكی تایبه‌ت له‌ واشینگتۆن ئه‌نستیتۆ

23:41 - 22 جۆزەردان 2718

كوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له‌ كۆڕێكی تایبه‌ت له‌ ئه‌نستیتۆ واشینگتۆن به‌شداری كرد و وڵامی پرسیاره‌ پێوەندیدارەکان به‌ حیزب و كوردستانی ئێرانی دایەوه.

به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به‌ ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ڕێكەوتی ١٢ی ژوئەنی ٢٠١٨ی زایینی بەرامبەر به‌ ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هه‌تاوی كۆڕێكی تایبه‌ت بۆ هەریەك له ‌به‌ڕێزان مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزب و عەبدوڵا مۆهتەدی سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بەڕێوه‌چوو كه ‌تێیدا بەشێک لە لێکۆڵەرانی سەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوینیش بەشدار بوون.
بەپێی ئەم هەواڵە بەڕێز مستەفا هیجری لەم کۆڕەدا وتارێکی پێشکەش کرد و دواتر وڵامی پرسیاری بەشداربووانی دایەوە.

لەم کۆڕەدا پرسیاری ئەوە لە لێپرسراوی گشتیی حیزب کرا کە شێوەڕوانینی حیزبی دێموکرات لەهەمبەر ئێران چۆنە و گۆڕانکارییەکانی ئێران چۆن دەبینن؟ کە بەڕێزیان وڵامی دایەوە ئێمە پێمان وایە پڕۆسەی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکردووە بەڵام سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیە و داهاتووەکەی پێوەندی بە دوو فاکتەری سەرەکییەوە هەیە کە یەکێکیان بریتییە لە ڕێبەرایەتییەکی کارامە کە بتوانێ بزاڤەکە ڕێبەری بکات و دووهەمیان ئەوەیە کە ئەو داواکارییانەی کە لە نێو شارە فارسنشینەکاندا دێنە ئاراوە بتوانێ گوتارێک بێت کە داخوازیی نەتەوەکانی ئێران لەخۆبگرێ.

هەروەها باس لە جووڵەی هێزی پێشمەرگە کرا کە بەڕێز هیجری لەوبارەوە ئاماژەی بە دوایین جووڵەکانی هێزی پێشمەرگە کرد و پێی ڕاگەیاند کە هەنووکە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قووڵایی خاکی کوردستاندا حزووری بەرچاویان بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان و بەخشینی ورە بە خەڵکی کوردستان و ڕێکخستنیان بەدژی دەسەڵاتی تاران بونیان هەیە.

ڕاشیگەیاند: ئێمە ئامادەین هەموو شێوازەکانی خەبات تاقی بکەینەوە؛ وتیشی ئەزموونی ئێمە و ئامریکا بەرامبەر بە ڕێژیمی تاران ئەزموونێکی هاوبەشە، ئێمەش ڕووبەڕوو بووینەوە لەگەڵ ئێران و تەنانەت لەسەر مێزی وتووێژیش دانیشتین بەڵام ئەو دانیشتنانە تەنیا خەساری بۆ ئێمە هەبوو.