کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بورجی بابل

23:00 - 15 سەرماوەز 2717

کەریم پەرویزی

رووداوە کۆنە مێژووییەکان و تەنانەت ئوستوورەکانیش دەڵێن بۆ ئەوەیکە کۆمەڵگایەک لاواز بکەی تاکوو خۆی بەرەو پووکانەوە بڕوا، باشتر وایە کە ئاژاوەی تێ بخەی و خۆیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ بکەی تاکوو هەم گرفتە سەرەکییەکە لەیاد بکەن و هەم تەنیا بە نێوخۆیانەوە خەریک بن و خۆیان ببنە هۆکاری داڕزاندنی خۆیان.

لە ئوستوورەکانی کەلتووری عیبری و عەرەبیدا هاتووە کە شارستانیەتی بابل شارستانیەتێکی گەورە و گەشەکردوو بوو و ئەوەندە بەهێز ببوون کە بورجی گەورەیان دروست دەکرد تاکوو پاشای بابل لەسەرسەرەوەی بورجەکە هەموو جیهان ببینێ! (بەپێی ئوستوورەکان ئەم کارەیان شان لە شانی دەسەڵاتی خودای ئەوکاتی دەدا و دەسەڵاتی خودای بابلی دەبردە ژێر پرسیار!) هەربۆیە خودای بابل ئاژاوەی خستە نێو بابلییەکان و هەرکامەیان بە زمانێک دەدوان و لە یەکتر تێنەدەگەیشتن و ئیتر نەیانتوانی پێکەوە کار بکەن و بورجەکەیان بۆ تەواو نەکرا و ئەوەندە بەخۆیانەوە خەریک بوون تا ئاگایان لە دەوروبەر نەما و شارستانیەتەکەیان وێران بوو و دوژمنانی بابل هاتن وڵاتیان داگیرکرد.

ئەم ئوستوورەیە رێنوێنی دوژمنانی کوردە لە مێژوو و لە رابردووی نزیک و لە ئێستاشدا. کۆماری ئیسلامی نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم جۆرە سیاسەتەیە و ئێستاش دەوڵەتی بەغدادکە درێژکراوەی کۆماری ئیسلامیە هەمان سیاسەت پێڕەو دەکا.

سیاسەتێک لە دامودەزگا پیلانگێرییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە داڕێژراوە و لە نێو کورددا بڵاو دەکرێتەوە کە گوایە ئیمکانی نییە کورد پێکەوە تەباوڕەبا بن و گرفتی گەورەی کورد ئەوەیە کە هەر ناوچە و هەر عەشیرە و هەر گرووپێک بەلایەکیدا دەکێشێ و کورد قەت ناتوانن لەسەر یەک بەرژەوەندیی گەورەی نەتەوەیی رێک بکەون. ئەم سیاسەتە بەردەوام و بەشێوەی جۆربەجۆر دووپات دەکرێتەوە و دەیانهەوێ بیکەن بە بابەتێکی قبووڵکراو لە نێو هەموو گرووپ و رێکخراوە سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکانی کورد و لە راستیدا لە ناخودئاگای کورددا جێ بگرێ و کورد بەردەوام لە نێوخۆیدا بەخۆیەوە خەریک بێ.

بەدڵنیاییەوە کێشە لە نێو کۆمەڵگای کورددا هەیە و نابێ چاوپۆشی لێ بکرێ، بەڵام ئەوە بەو مانا نییە کە گرفتی سەرەکی و پرسە بنەماییەکان فەرامۆش بکرێن؛ هەر لەم رۆژانەدا دەوڵەتی بەغداش کە خۆی هەزارویەک کون و کەلەبەری تێدایە و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی جینۆساید کردووە و لە نێو ماڵی شیعەکانی لایەنگری دەوڵەتیشدا هەزار گرفت هەیە، کەچی لە لێدوانەکانیاندا وادەنوێنن کە گرفتی سەرەکی یەکنەبوونی کوردە وگەر کورد هەموو پێکەوە بن، ئەوان گوێ بۆ قسەکان و داواکانیان دەگرن!

کۆماری ئیسلامی خۆی ئەوەندەی کێشە و چەندبەرەکی تێدا هەیە کە وای لێهاتووە هەرکەس دەبێ بە سەرکۆماری ئەو رێژیمە هەزار دۆعا دەکا دەورەکەی کۆتایی پێ نەیە دەنا دوای سەرکۆمارییەکەی یان دەکوژرێ یان لە ماڵی خۆیدا زیندانی دەکرێ!

تازەترین نموونەیان خنکاندنی رەفسەنجانی و پەنابردنە بەر شابدولعەزیم و ئاربەبا لەلایەن ئەحمەدی‌نژاد و لایەنگرانییەوە بوو. ئیتر هەموو چەنددەستەیی و سیخوڕییەکانیان لە سەر یەکتر و هەڵهاتنی کوڕان و کچانیان بۆ بریتانیا و ئامریکا و ... لەولاوە بوەستێ!

رێژیمی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی درێژکراوی تاران لە بەغدا بە هێزی بیانی و بە قەرز و قۆڵەی جیهانی بەپێوە راوەستاون، کەچی لەبەر ئەوەی کورد شانی لە شانی دەسەڵاتەکانی تاران و بەغدا داوە، دەیانهەوێ کورد بە خۆیەوە خەریک بێ و گرفتە سەرەکیەکە فەرامۆش بکا.

پرسی سەرەکی لە ئێران ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی دەسکەوتەکانی شۆڕشی گەلانی بەتاڵان بردووە و بە فەرمانی جیهادی خومەینی کوردستانی داگیر کردووە، ئەوەی هەیە حاڵەتی داگیرکەری و بە پشتیوانیی زلهێزەکانی وەکوو روسیەیە و هەتا رەوشی داگیرکاری نەگەڕێتەوە دواوە و سوپای داگیرکەر لە کوردستان پاشەکشێ نەکا، پرسەکانی دیکە لاوەکین؛ هەروەک چۆن لە عێراقیشدا، ئەوەی بەغدا چەسپاندوویە بە حەشدی سەر بە سوپای پاسداران و بە چەکی بیانیە و بەشێکی کوردستانی داگیرکردووە.

کۆمەڵگای کوردستان لە هەر بەشێکیدا دەبێ جیاوازییە نێوخۆییەکانی ببینێ، بەڵام وەکوو خەڵکی بابلی لێ نەیەت کە ئەوەندە بە نێوخۆیەوە خەریکی بکەن کە دوژمنی سەرەکی لێ ون بێ.