کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوردمانی بنکەکانی ئێران لە سووریە بەردەوامە

14:27 - 3 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: فڕۆکە شەڕکەرەکان لە ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانی، بنکەکانی هاوبەشی ڕێژیمی سووریە و ئێرانیان بوردمان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیمی سووریە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بنکەکانی هاوبەشی ڕێژیمی ئێران، سووریە و حیزبوڵڵای لوبنانیان لە ناوچەی "بادیە" سەر بە پارێزگای "دەیرەلزوور" و هەروەها ناوچەی "ئەبووکەماڵ" و "حومەیمە" لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان بە ڕێبەریی ئامریکا بوردمان کراوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە بیل ئاربان، وتەبێژی سەربازیی ئامریکا ڕایگەیاندووە، لە بارەی ئەو هێرشە هیچ زانیارێک لە بەردەستدا نییە، کە هێزەکانی ئامریکا لەو هێرشە بەشداریان کردبێت، بەڵام هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان ڕایانگەیاندووە، کە ئامریکا ئەو هێرشەی ڕێبەری کردووە.

دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، ململانێیەکان لە وڵاتی سووریە لە هەمبەر چوونەدەرەوەی میلیشیاکانی ئێران کە سەر بە سپای تێرۆریستیی قودسن، زیاتر بووە و چەندەمین جارە کە هێزە هاوپەیمانەکان و ئیسرائیل، بنکە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئیران لە سووریەدا بوردمان دەکەن و هەتا ئێستە خەسارێکی زۆریان بە ڕێژیم گەیاندووە و سەدان پاسدار کوژراون.

وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگای جیهانی گوشارەکانیان بۆ چوونەدەرەوەی ئێران لە سووریە زیاتر کردووە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامی بە فەرمی ڕایگەیاندووە، کە هێزەکانی ئێران بە ڕێگەپێدانی بەشار ئەسەد لەو وڵاتەن و هیچ هێزێک ناتوانێت ئێران لە سووریە دەر بکات.