کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوردمانی چەندین سەکۆی مووشەکی حووسییەکان لە لایەن هاوپەیمانەتی عەرەبییەوە

16:19 - 31 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانەتی عەرەبی، دەیان سەکۆی هاویشتنی مووشەکی حووسییەکانیان بەتەواوەتی لەنێو بردووە.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی مەی ٢٠١٨ی زایینی، لە هێرشێکی ئاسمانی، لە لایەن هاوپەیمانەتی عەرەبی، بە سەرپەرەستی عەرەبستان، چەندین سەکۆی مووشەکی حووسییەکان لە "سەعدە" و "سەنعا" لەنێو براون و دەیان میلیشای حووسی کوژراون و بریندار بوونە.

هەواڵدەرییەکانی یەمەن ڕایانگەیاندووە، کە لەو بوردمانە چەندین کارناسی مووشەکی کوژراون و ئەنبارەکانی چەکوچۆڵ و هەروەها پایگای پەدافەندی ئاسمانی "ئەلغوش" بە توندی بوردمان کراون و زەربەیەکی قورس لە میلیشیاکانی حووسی دراوە.

میلیشیا حووسییەکان لە یەمەن کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، چەکوچۆڵ و مووشەکی بالستیکی بۆ لێدانی حکوومەتی یەمەن و بەتایبەت عەرەبستان وەردەگرن و هەوڵ بۆ پەرەدان بە سیاسەتە ئاژاوەگێڕانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە دەدەن.

ڕێژیمی ئیران بۆ بەرەو پێشبردنی سیاسەتەکانی خۆی و دەسبەسەرداگرتنی ناوچەکە و تێکدانی ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پاڵپشتی لوجستیکی لە گرووپە تێرۆریستییەکان و میلیشیاکانی ناوچەکە دەکات.