کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بونیاتنانەوەی نیشتمانێک

21:06 - 30 سەرماوەز 2718

کەریم پەرویزی

کوردستانی رۆژهەڵات وەکوو جوغرافیایەکی شوێنی نیشتەجێبوون، رەنگە لە باری سروشتییەوە، هەندێک جیاوازیی لەگەڵ ناوچەکانی دەوروبەریدا هەبێ. لەو بوارەوە و لە رووی جوغرافیاییەوە، کوردستان شوێنێکی شاخاوییە کە لە دەشتایی و خاکە کەویرییەکانی  نێوەڕاستی ئێران و شوێنە فارسنشینەکان جوێی دەکاتەوە. یان لە بواری رادەی بارانبارین و سەرچاوەی ئاو و هەندێک پارامێتری دیکەوە، کوردستان تایبەتمەندییەکی هەبێ کە وەکوو هێڵێکی جوغرافیایی لەگەڵ دەوروبەردا جیاوازییەکان دیاری بکا؛ بەڵام ئەوەی کە شوێنێکی جوغرافیایی بۆ دانیشتووانەکەی دەکا بە نیشتمان، پارامێترە جوغرافیاییەکانی نین. بە واتایەکی دیکە، نیشتمان پێناسەیەکی هزری و شێوەڕوانینێکە کە شتی سروشتی لە شتی نێو مێشک و روئیای مرۆڤەکان جوێ دەکاتەوە.

بۆ روونبوونەوەی زیاتر پێویستە بڵێین جیاوازیی نێوان سروشتی جوغرافیایی و نیشتمان، وەکوو جیاوازیی نێوان خاک و بەرد، لەگەڵ ماڵدایە. خاک و بەردێک کە سەر یەک خرابێتن و هەڵچنرابن و دیوار و سەربان و ژووری لێ دروست کرابێ و بنەماڵەیەک تێیدا ببن بە خاوەن و تێیدا بحەسێنەوە، ئەوکاتە پێناسەی ماڵ وەردەگرێ.

کوردستانی رۆژهەڵات بۆ کورد و دانیشتووانەکەی شوێنی ژیانە و تێیدا ژیان بەسەر دەبەن. بەڵام دەسەڵاتی خاکەکە و شێوازی ژیان و بڕیار لەسەر داهاتووی وڵات و کۆمەڵگا بەدەستی خودی ئەو خەڵکەوە نییە کە تێیدا دەژین. لە راستیدا وەکوو مرۆڤێک لە نێو شوێنێکی جوغرافیاییدا دەژین کە بڕیارلەسەری  لە دەستی دەسەڵاتێکی داسەپاوی ستەمکاردایە.

ئایا ژیان لە شوێنێکدا کە بڕیاری چارەنووسی شوێنەکە و چۆنیەتیی ژیان و مانەوەت بەدەستی خۆت نەبێ، ژیانێکی ئاسوودە و جێی دڵنیاییە؟

بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات لە شوینی ژیانیاندا هەست بە خاوەنماڵی بکەن و دڵنیابن لە داهاتوو ژیانی خۆیان و نەوەکانیان، دەبێ بڕیار لە سەر ماڵی خۆیان و ژیانی نێو ئەو ماڵە و ئیدارەکردنی ماڵ و ژیان بەدەستی خۆیان بێ.

لە نێو خاک و بەرد و دیوارێکدا ژیانکردن کە نە شێوازی ماڵەکەو ژوورەکانی و نە شێوازی ژیانکردن و نە چۆنیەتیی کەڵکوەرگرتن لە ژوورەکانی ماڵەکەت بەدەستی خۆت نەبێ، پێی ناڵێن ماڵ، بەڵکوو ئۆردووگایەکی کاری زۆرەملێیە کە دەسەڵاتدارانی سەرەکی لە بەهرەی ژیان و کاری تۆ دەخۆن و تۆش کۆیلەیەکی بێ داهاتووی لە بن پێی ملهۆڕانی ستەمکاردا.

ئایا ژیانکردن لە نێو جوغرافیایەکدا کە هەموو دابونەریتەکان و یاسا و رێساکان داسەپاو بن، پێناسەی ژیانی ئازاد و مرۆڤانە وەردەگرێ؟

راسانی رۆژهەڵات، ئیرادەیەکی هەڵقوڵاوی نێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە کە دەیانەوێ کوردستان بکەن بەو نیشتمانەی کە خۆیان پێناسەی بۆ بکەن و خۆیان شوێنی ژیانی تێدا دیاری بکەن و لە راستیدا بیکەن بە ماڵێک بۆ حەسانەوە و گەشەکردنی ژیان خۆیان و نەوەکانی داهاتوویان.

 بونیاتنانی نیشتمانێک ئایا تەنیا بە یەک گرووپ و یەک هێزی سیاسی دەکرێ، یان پێویستە هەموو کۆمەڵگا بە هەموو گرووپە سیاسییەکان و هەموو چین و توێژەکانەوە لە دووبارە بونیاتنانەوەی نیشتماندا بەشدار بن؟

راسانی رۆژهەڵات، گرێدانی خەباتی شار و شاخە تاکوو هەم شاخ و هەم شار پێکەوە، ئەم شوێنی ژیانە بکەن بە نیشتمانی پێکەوەژیان و ئاسوودەیی و دڵنیایی لە داهاتووی ئازاد و گەشەسەندوو و دادپەروەرانە.