کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوودجەی دابینکردنی شیری خۆڕایی بۆ قوتابخانەکان ساڵ به ساڵ کەم دەکات

11:35 - 29 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: جێگری گەشەی مودیرییەت و پشتیوانیی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاندووە: که قوتابخانەکان بوودجەی پێویست بۆ دابینکردنی شیریان وەر نەگرتووە.

عەلی ئەڵڵایار تورکمەن، جێگری گەشەی مودیرییەت و پشتیوانیی وەزارەتی پەروەردە باسی لەوە کردووە: "که قوتابخانەکان لە دانی پارەی وزە چاوپۆشییان لێ کراوە، بەڵام وەزارەتی وزە ئێستاش پسوولەمان بۆ دەنێرێت؛ ئێمە پارەی وزە نادەین".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "سێ ساڵە که بوودجەی ٢٠٠ میلیاردیی شیری خۆڕایی بۆ قوتابخانەکان تەرخان ناکرێت و قوتابییانی ناوچە هەژارەکان و گوندەکان لە شیری خۆڕایی بێبەرین".

تورکمەن لە وتەیەکی ڕەخنەئامێزدا باسی لەوە کردووە، که خۆراک و شیری خۆڕایی پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە دوورترین شوێنەکانیشدا دابەش دەکرا، بەڵام پاش شۆڕش، لە ٥ ساڵ پێشەوە باسی لێ کراوە و هەر ساڵیش بوودجەکەی کەم دەکرێتەوە.

بوودجەی تەرخانکراو بۆ قوتابخانەکان لە سەرتاسەری ئێراندا زۆر کەمە، زۆربەی قوتابخانەکان تووشی داڕمان بوونە و ستاندارد نین؛ بەرپرسانی قوتابخانەکانیش لە جیاتی گوشارهێنان بۆ دەوڵەت بۆ زیادکردنی بوودجەی قوتابخانەکان، جارجارە دەست دەکەن بە وەرگرتنی پارە لە قوتابییان کە ئەمە پاشگەزبوونەوەی هەندێک لە قوتابییانی بۆ درێژەدان به خوێندنی لێ دەکەوێتەوە.

زۆربەی قوتابخانەکانی ئێران که به ناو دەوڵەتین و دەبێ پارە لە قوتابی وەر نەگرن لە دۆخی نالەباری ئابووریی ئێستای ڕێژیمدا ناچارن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان دەست بۆ لای بنەماڵەی قوتابییان ڕابکێشێن.